دیاری حوسێن: ھەر فریای ئەوە دەکەوین بڕیارەکانی تەعریب ھەڵوەشێنینەوە
_(7)__2022_07_05_h16m6s48__ER.jpg)
کەرکووک -KDP.info- ماوەیەکە پرۆسەی تەعریب گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار لە کەرکووک و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، پرۆسەی تەعریب ئەوەندە خێرا کراوە ھەر فریا دەکەوین ھەندێ بڕیار لەبارەی تەعریبەوە ھەڵوەشێنینەوە.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پرۆسەی تەعریب بە شێوەیەکی چڕ دەستی پێ کردووە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، ئێمە و برادەرانی ئێمە لە بەغدا ھەر فریای ئەوە دەکەوین بڕیارەکانی ئەوان ھەڵوەشێنینەوە، ئەگەر ئەو تەعریبەی ئێستا ھەیە چارەسەر نەکرێت، ئەوە ئێمە نایشارینەوە زیانێکی زۆر بەر میللەتی کورد دەکەوێت لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "حکوومەتی کاربەڕێکەری ئێستا توانای رێگری لە تەعریبی نییە، بەتایبەتی ھەبوونی پارێزگارێکی سەپێندراو لە کەرکووک کێشەیەکی گەورە و ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی بەعەرەبکردن، ئەگەر پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک نەمێنێت، کاریگەریی لەسەر تەعریب دەبێت.''
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی ئێستای عێراق دەرفەتی بۆ جێبەجێکردنی پیلانی تەعریب خۆش کردووە و زۆرینەی دەسەڵاتی عێراق خەریکی سەپاندنی تەعریبە و ئەوەیشی بەشداریی نەکردووە بێدەنگیی ھەڵبژاردووە و ئامادە نییە رێگری بکات لەو ھەموو تەعریبەی ئێستا دەستی پێ کردووە.''
قائید میرۆ




