بەنزینی 800 دیناری سەرچاوەكەی گۆڕاوە و كوالێتی باش كراوە

ھەولێر-KDP.info- قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەنزینی 800 دیناری سەرچاوەكەی گۆڕاوە و كوالێتی باش كراوە، شوفێرانیش ئەگەر بەنزینی خراپیان بینی لەهەر بەنزینخانەیەك، با ئێمە ئاگادار بكەنەوە تا بەدواداچوون بكەین و ئەو شوێنە سزا بدەین.
ئەمڕۆ نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئێستا نۆ بەنزینخانە بەنزین بەنرخی 690 دینار دەدەن بەتاكسی و پاس.
زیاتر گوتی، بەنزینی 800 دیناری سەرچاوەكەی گۆڕاوە و كوالێتی باش كراوە، شوفێرانیش ئەگەر بەنزینی خراپیان بینی لەهەر بەنزینخانەیەك، با ئێمە ئاگادار بكەنەوە و ئاگاداری خاوەن بەنزینخانەكان نەكەنەوە.
باسی لەوەش كرد، 30 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتی بەنزین تەرخان كراوە، هەركەسیش دەستكاری كوالێتی بەنزین بكات سزا دەدرێت.
بەگوتەی قایمقامی هەولێر، بە مەبەستی ڕێگری لە بەرزكردنەوەی نرخ كاڵا و پێداویستییەكان بەر لە ڕۆژانی جەژن، لیژنەكانی قایمقامییەت زیاتر بەچڕی چاودێریی بازاڕ دەكەن، داوای هەڵگرتنی باج و ڕسووماتی گومرگیش، نرخی كاڵا و پێداویستییەكان جێگیرە و ئەو ترسە لای هاووڵاتییان نەما لە بەرزبوونەوەی نرخ، لە هەمان كاتدا لەڕووی كوالێتیش كەموكوڕی هەبێت، كەسانی سەرپێچیكار سزا دەدرێن.
ڕامان وریا




