عەمید دلێر نەجاڕ: مەفرەزەکانی ھێزە ئەمنییەکان شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت
__2022_07_02_h18m57s6__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر ئاشکرای کرد، مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایش بەردەوامن لە گەڕان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت و دەشڵێت، ھەر چەکێک دەستی بەسەردا بگیرێت بەپێی یاسای چەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆ ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر و دەزگاکانی ئاسایش شەو و ڕۆژ خەریکی جێبەجێکردنی فەرمانەکەن بە دەرکردنی چەندین مەفرەزە لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر و ئاسایش و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بنبڕکردنی چەکی بێمۆڵەت، تا ئەو چەکانە بە یاسایی بکرێن بەپێی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە.''
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گوتیشی: "لە کۆتایی پرۆسەکەدا ئاماری ئەو چەکانە ھەمووی بڵاو دەکرێتەوە کە لەلایەن حکوومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەپێی ڕێنماییی وەزارەتی ناوخۆ ھەموو بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک لە ھەرێمی کوردستان داخراون، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر، وەزارەتی ناوخۆ لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامارەکان بڵاو دەکاتەوە.''
عەمید دلێر نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگای ئەمنی لە چەندین شوێنی ھەولێر دادەنرێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت و ھەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت، ئەو چەکانەی لەنێو بازگەکانی پۆلیس و ئاسایشی پارێزگای ھەولێردا دەستیان بەسەردا دەگیرێت لەگەڵ کەلوپەلی قەدەغەکراو بەپێی یاسای چەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.''
قائید میرۆ




