٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەشتوگوزاری لە دھۆک جێبەجێ دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک ئاشکرای کرد، بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی گەشتیار و ڕەخساندنی دەرفەتی کار ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای دھۆکێ جێبەجێ دەکرێن و دەشڵێت، پلان دانراوە ئەمساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیار زیاتر بکرێت لە ساڵی ڕابردوو.

د. خەیری عەلی ئوسو، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دھۆکیان کردووە و  ئەمە جاری یەکەمە ئەو ڕێژە زۆرەی گەشتیار ڕوو لە دھۆک بکات، پلان دانراوە بۆ ئەمساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیار زیاتر بکرێت و تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٩٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دھۆکیان کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دھۆک ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و ھەموو ھەوڵێک دەدرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار''.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک گوتیشی: "تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠ بنکەی نوێی گەشتیاری لە دھۆک کراونەتەوە و ئێستا ٩٠٠ بنکەی گەشتیاری مۆڵەتدراو لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەیە و ٢٥٠ ھاوینەھەواریش لە دھۆک ھەن  و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسیش لەو ھاوینەھەوارانە کار دەکەن.''

د. خەیری عەلی ئوسو ڕوونی کردەوە: "چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتی گەشتوگوزار خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش پڕۆژەیەکی ستراتیژی بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار لە ئامێدی جێبەجێ دەکرێت و بۆ جەژنی قوربان دەکرێتەوە، ھەروەھا  کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، ژمارەیەک وەبەرھێنەریش لە قەزای ئاکرێ مۆڵەتی چەندین پڕۆژەی گەشتیارییان وەرگرتووە، لە سەرسنگ دوو پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش دەبنە ھۆکار بۆ ھاتنی گەشتیاری زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتیانی دھۆک.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار