٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەنگین ڕێکانی بۆ KDP.info: هەڵوێستی پارتی جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەنگین ڕێکانی، ئەندامێکی پارتی بۆ دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لە دیمانەیەکی کاروان باعەدری، ڕۆژنامەنووسی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا دەڵێت، دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات و مەرجی پارتییش جێبەجێکردنی دەستوورە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بەرەو کوێ ڕۆیشتوون؟ هەڵوێستی پارتی چییە؟

بەنگین ڕێکانی: پارتی چاوەڕوانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو بۆ دەستپێکردنی هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، هەرچەندە پارتی پەیوەندی و چاوپێکەوتنی دووقۆڵیی هەن لەگەڵ هەمو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام تا ئێستا ئەوان هیچ شتێکیان دەست پێ نەکردووە، لیژنەیەکیان پێک هێناوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تا ئێستا بە شێوەییەکی فەرمی دەستیان بە گفتوگۆ نەکردووە، هەڵوێستی پارتییش ئەوەیە لەسەر کێشەی عێراق و کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێم بگەنە چارەسەر و پابەندی دەستوور بن و ئەو ڕێککەوتنانەی کە دەکرێن دەبێ جێبەجێ بکرێن و ڕاستگۆ بن لەگەڵ پارتی و لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ میللەتەکەیان، ئەمەیە هەڵوێستی پارتی، پارتی هەمیشە چاوی لە پۆست نەبووە، چاویان لە دەستکەوت بووە بۆ کوردستان و عێراق لەسەر ئەم ئەساسە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: دەڵێن چوارچێوەی هەماهەنگی ڕازییە بە مەرجەکانی پارتی؟

بەنگین ڕێکانی: هیشتا باسی هیچ شتی وا نەهاتووەتە کردن، بەڵام ئەو بەیاننامەی کە لە ڕۆژی ٢٣ی مانگ دەرکەوتبوو، کاتێک پەرلەمان پڕ کرا لە پەرلەمانتاران و ئەو ئەندامانەی سوێندیان خوارد، بەڵام ئەوانە ڕازیبوونی خۆیان دیار کردووە لەسەر بنەمای تەوازن و شەراکەت و تەوافق، ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەیفەرموێت، جگە لەمە باسی هیچ شتێکی تر نەهاتووەتە کردن و باسی هیچ مەرجێک نەکراوە، بەڵام بۆچوونی پارتی ئەوەیە کە پابەندی دەستوور بن، چەند مافێکی دەستووری بۆ عێراق و کوردستان هەیە، دەبێ پابەند بن، ئەگەر ئەوان پابەند نەبن، ئەوا بە تەئکید پارتی هەڵوێستی دەبێت بۆ ئەم پرسە و ناکرێت دەستوور بایکۆت بکرێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هەڵوێستی پارتی تا ئێستا بۆ سەرۆککۆمار چۆنە؟

بەنگین ڕێکانی: پارتی پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆی دەزانێت، پێش ٢٠١٤ ئالییەت هەبوون بۆ دەستنیشانکردنی ئەم پۆستە، بەڵام لە ٢٠١٥ـوە ئەو ڕێكکەوتنە نەما بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، ئێستا پارتی بە مافی خۆی دەزانێت، ئێستا پارتی لە هەوڵەکانیدایە لەگەڵ یەکێتی پێک بێت لەسەرم ئەم پۆستە و بگەنە ئەنجامێک، پارتی دەیەوێ لەسەر ئەم پۆستە کورد بە یەک کاندید بچنە نێو پەرلەمان، پارتی ئەم پۆستە بە مافی کورد دەزانێت نەک هی هیچ حزبێک و دەبێت کورد بڕیار لەسەر کەسەکە بدات.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: تا ئەم کاتە پارتی و یەکێتی سوورن لەسەر کاندیدەکانیان و ناکشێنەوە، پرۆسەکە بە کوێ دەگات؟

بەنگین ڕێکانی: دانوستاندن لەسەر ئەم ئەساسە دەبن و لەسەر ئەم ئەساسە بریاری خۆمان دەدەین، پێویستە دانیشین و دانوستاندن لەسەر ئەم ئەساسە بکەین کە چۆن ئالیەتێک هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی یەک کاندید.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: پارتی بە دوو کاندید دەچێتە پەرلەمان؟

بەنگین ڕێکانی: ڕەئی پارتی ئەوەیە کە یەک کاندید بێت، حەزیش ناکات بە دوو کاندید بچێت بۆ ئەوەی نێوماڵی کوردی تێک نەچێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هەندیك میدیا و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن ئەوان لایەنگری یەک کاندیدن؟

بەنگین ڕێکانی: ئەوانە تەنیا لێدوان و چەند کەسێکن و فەرمییش نین، ڕەنگە ئەوانە بۆچوونی هەندێك لە ئەندامەکانیان بن، بۆچوونی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە کە کورد ڕێک بکەون لەسەر یەک کاندید و پشتیوانیی هەموو ڕێککەوتنێک دەکەن لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکرێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئەمە ڕاستە پارتی خۆی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکێشێتەوە؟

بەنگین ڕێکانی: نەخێر هیچ باسێکی وا نەکراوە، دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و دیار نییە بەرەو کوێ دەچێت و هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام تا ئێستا باسی ئەگەری کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق نەکراوە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: دووبارە عێراق بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە دەڕوات؟

بەنگین ڕێکانی: ئەمەش یەکێکە لە بژارەکان، بەڵام ئێستا هەنگاوی تر هەن، تا ئێستا باسی هەڵبژاردنی دووبارە نییە، هەمووان باسی ئەوە دەکەن کە چۆن حکوومەت پێک بهێنرێت، پێکهێنانی حکوومەتیش پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنەکان هەیە، ئەگەر ڕێک نەکەوتن، ئەوا هەڵبژاردنی دیکە هەن، ئەگەرنا، ئێمە پێش هەموو کەسێک لە پرۆسەی سیاسیداین.

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار