وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی یەک هەفتەدا چەندین پڕۆژەی ئەنجام داوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی یەک هەفتەدا چەندین پڕۆژەی ئاو و چاندنی نەمام و مۆڵەتی کاری گەشتیاری و چارەسەرکردنی سکاڵای هاووڵاتیانی ئەنجام داوە.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی یەک هەفتەدا بڕی ٢ملیۆن و ٩٦٩ هەزار و ٣٠١ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای ٧٨ پڕۆژەی ئاو و، ٥ هەزار و٦٦٢ بیر و دابەشکردنی ئاو بە تانکەر، دابینکردووە.
هەروەها لە ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە، کە نزیکەی ١٧ هەزار و ٩٣٨ تۆن زبڵ و خاشاک و داپۆشین و چارەسەرکردنی لە ڕێگای شارەوانی و کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە، بە سەرپەرشتی تیمەکانی شارەوانی، ٨١٩ گوڵ و نەمام چێنراوە و نزیکەی ٢٢٧ زێدەڕۆیی و سەرپێچی، کە کراونەتە سەر موڵکی گشتی، یا پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ، لادراون، هاوکات ٣٨ مۆڵەتی نوێ کردنەوەی کارکردنی گەشتیاریش دراوە و ٩٨ مۆڵەتیش لە ژێر مامەڵەدایە.
جێی باسە، لە بواری گەشتیاریش، ١٢ مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاری دراوە و ٣٤٥ سکاڵا لەلایەن هاووڵاتیانەوە تۆمار کراون، کە ٢٥٩ سکاڵایان چارەسەر کراون و ٩٥ سکاڵایان بەهۆی کەمی بودجەوە چارەسەر نەکراون.




