ئەکرەم ساڵح: تەعریب زیادی کردووە

گەرمیان -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان ئاشکرای کرد، جووڵەی ھێزە عێراقییەکان گومانی لێ پەیدا بووە و لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا پێشمەرگە و سوپای عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دەشڵێت: ''تەعریب بە شێوەیەک زیادی کردووە کە ڕێژەی عەرەب زۆر زیادی کردووە.''
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ھەڕەشەی تیرۆریستانی داعشەوە ژمارەیەکی بەرچاوی گوندی کوردنشین لە خانەقین تا داقووق چۆڵ کراون، ئەمەیش وای کردووە وردە وردە عەرەب بەرەو ناوچەکە بێن و کوردیش ناوچەکانیان بەرەو ناوشارەکان چۆڵ بکەن و لە ھەرێمی کوردستان بە پڕۆسەی ڕێکخراو بێت، یان ناڕێکخراو، ڕێژەی دانیشتووانی عەرەب زیادی کردووە.''
لەبارەی جووڵاندنی ھێزەوە، لە گەرمیان بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: ''ئەو ھێڵەی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بۆشاییی ئەمنی تێدایە و چەند جارێکە بە کاتیوشا ھێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکرێت و ئەوەش وای کردووە گومان بکرێت کە ئەو سنوورەی بۆشاییی ئەمنی هەیە، بۆ ھێرشکردنە سەر کۆرمۆر بەکار بێن، چەند ڕۆژێکە ھێزە عێراقییەکان و فەرماندە باڵاکانی عێراق دێنە سنوورەکە و دوێنێ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کۆبوونەوە کراوە، سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی ئەمنی دەستی بە جووڵە کردووە، بەڵام گومان لە جووڵەی ھێزە عێراقییەکاندا ھەیە.''
ئەکرەم ساڵح ڕوونیشی کردەوە: ''بە مەبەستی ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا زنجیرە کۆبوونەوەیەک کراوە، ڕاستە نەگەیشتوونەتە چارەسەرێک، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی پێکدادان ناکرێت لەنێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، ئەو بۆشایییە ئەمنییەی ھەیە زۆرجار چەکدارانی داعش و ملیشیاکانی حەشد و خەڵکی قاچاخچی و خراپەکار بەکاری دێنن، ئەو بۆشایییە ئەمنییە ھەر لە خوارووی داقووقەوە تا خانەقین ھەیە.''
قائید میرۆ




