٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی وەبەرھێنان : ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، کاری بەردەوام بۆ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت و ئەمساڵیش دەست بە دروستکردنیان دەکرێت و تەنھا یەک قۆناغیش نابێت و چەند قۆناغێکی دیکەیشی بەدواوە دێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەممەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت و خەڵک بەپێی مەرجەکان دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە و دواتر ھەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ لیژنەی تایبەتی دەبێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسەکاندا دەکرێت و کێ مستەحەق بێت بە ئەو دەدرێت و جگە لەوەش کار بۆ تەرخانکردنی زەوی و پەیداکردنی وەبەرھێنەر دەکەین و ئێستا خەریکی ھەندێک نەخشەین بۆ چۆنیەتی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆیە دیاریکردنی زەوی و تەسمیم و نرخەکان ھەمووی کاری لەسەر دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت.''

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت و ھەوڵ دەدەین کە قیستەکان کەم بن و پێش پڕۆسەی تەندەرین لەگەڵ ھەندێک بانک و وەبەرھێنەردا قسە دەکەین کە بزانین چۆن دەبێت و بە چ شێوەیەک دەبێت، بۆیە خەریکین ئەوەش یەکلایی بکەینەوە و ھەفتەی داھاتوو ئەوەش یەکلایی دەبێتەوە.''

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: ''تەنھا ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە نابێت و چەندین قۆناغی دیکەیشی بەدواوە دێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار