٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەنجان: پێویستمان بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی پێشانگای تەکنەلۆژیای ھایتێکسی کرد و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا راگەیاند، بەرنامەی زۆرمان بەدەستەوەیە بۆ زیاتر ھاوکاریکردنی گەنجان و رەخساندنی ھەلی کار بۆیان.

محەمەد ئەحمەدی، بەشداربووی پێشانگاکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پێشانگاکە خۆی لە خۆیدا پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ ئێمەی گەنجان و بەھرەداران، بەوردی گوێی لە قسە و داواکاریی گەنجان گرت، سەردانەکە گرینگە بۆ پێشانگای ھایتێکس و لەڕووی مەعنەوییەوە ھاندانێکی زۆر باشە.''

محەمەد ئەحمەدی گوتی: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر پاڵپشتی گەنجانی بەھرەمەند بێت، چونکە گەنجێکی زۆر ھەیە کە بەھرەی ھەیە، بەڵام پێویستی بە ھاوکاری و پاڵپشتییە، پەیامەکەی مەسرور بارزانی جێی خۆشحاڵییە بۆ گەنجان، بەڵام دەبێت گەنجی ئێمەیش زیاتر ھەوڵ بدات، خۆم پێشتر زۆر ھەوڵم داوە گەنجان و قوتابیان بەشداریی خولەکان بکەن، ئەگەر پاڵپشتیی حکوومەتیش ھەبێت ئەوە دەبێتە ھاندانی زۆر باش، بۆ نموونە، ئێمە پڕۆژەیەکمان ھەبوو لەلایەن رێکخراوێکی نێودەوڵەوتییەوە ھاوکاری دەکراین، بەڵام لە کۆتاییدا رێکخراوەکە ھاوکارییەکانی راگرت و ناچار پڕۆڕەکەی ئێمەیش راوەستا، بەپێچەوانەوە ئەگەر حکوومەت، یان لایەنێک ھەبێت، پڕۆڕەکان بەردەوام دەبن.

مەسروور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ پێشانگای تەکنەلۆژیی ھایتێکس رایگەیاند: ''خۆشحاڵم بە بینینی پێشانگاکە و ئەم ھەموو گەنجە جێی ئومێدێکی زۆرە بۆ ئایندەی گەلەکەمان، ئێمەیش وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی پێمان بکرێت پاڵپشتییان دەکەین و بەرنامەی زۆرمان بەدەستەوەیە بۆ زیاتر ھاوکاریکردنی گەنجان و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان.

سیڤەر عومەر، گەنجێکی دیکەی شاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "زۆرن ئەو گەنجانەی بەھرەیان تێدایە، بەڵام دەرفەتی کاریان بۆ ناڕخسێندرێت، پێویستە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەستیان بگرن، ئینجا ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێندرێت، یان پاڵپشتیی پڕۆژەکانیان بکرێت، چەندین گەنج ھەیە بەھرەی زۆریان تێدایە و بەھۆی نەبوونی ھاوکاری و پاڵپشتییەوە ناتوانن بگەن بە ئامانجی خۆیان.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار