کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان جێبەجێ دەکرێت

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک گوتی، لە سنووری پارێزگای دھۆک چەندین پڕۆژەی گرنگ تەواو بوون و بەشێکیشیان لە جێبەجێکردندان و دەست بە دروستکردنی ڕێگای خاڵی سنووریی سەرزێڕێش دەکرێت.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک، خەدیجە محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا بۆ دروستکردنی ڕێگای خاڵی سنووریی سەرزێڕێ، ئێستا پڕۆسەی دروستکردنەکەی دەستی پێ کردووە و ئێمە تەندەرمان ئامادە کردووە و ڕەوانەی وەزارەت کراوە، ئەوانیش کۆمپانیا خاوەن تواناکان دەستنیشان دەکەن و قۆناغی یەکەمی دروستکردنی ڕێگاکە دەست پێ دەکات.''
خەدیجە محەمەد گوتیشی: ''ھەفتەی داھاتوو تەندەر ڕادەگەیەنین بۆ ماوەیەک و دواتر بۆ کێ دەربچێت، ئەو کاری دروستکردنی ڕێگاکە جێبەجێی دەکات.''
محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''جگە لەوەش چەندین پڕۆژەی دیکەمان لە جێبەجێکردندان، ئەندەرپاسی نیوزاخۆ بە گوژمەی ٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار تەواو بووە و ئەندەرپاسی سێمێل گەیشتووەتە قۆناغی قێر، کە بە گوژمەی ٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینارە و ڕێگای قەرەناز بۆ کەورەسۆر کە ئەویش ٨١%ی تەواو بووە بە گوژمەی ١٤ ملیار دینار و ڕێگای بەرێ سیلێ بۆ ئامێدی، کە ئەویش تەواو بووە بە گوژمەی نزیکەی ١٠ ملیار دینار.''
بڵند ئیبراھیم




