تاڵەبانی بۆ KDP: بە فەرمی رانەگەیاندراوە.. هەر سەرژمێرییەک بکرێ نادەستوورییە

هەولێر -KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەڵێ، هەتا کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر و، بە ماددەی 140ی دەستووریش بۆ پێش هاتنە سەر حوکمی بەعس ئەو ناوچانە ئاسایی نەکرێنەوە، هەر سەرژمێرییەک بکرێ، نادەستووری و نایاساییە.
بڕیارە حکوومەتی عێراق پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان ئەنجام بدات، لەسەر ئەو پرسەش، رێبوار تاڵەبانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تا ئێستا بڕیارەکە بە فەرمی رانەگەیاندراوە. ئەوەشی خستەڕوو کە سەرژمێرییەکە دواکەوتووە و دەبوو ساڵی 2007 ئەنجام بدرایە، نەکرا و بۆ ئەوەش پاساوی ناجێگیری بارودۆخیان هێناوەتەوە و ساڵی 2017 بە هەمان شێوە ئەنجام نەدرا.
پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراقدا 10 ساڵ جارێک دانراوە، ئەوەش لەسەر سیستمی رژێمی پێشوو، وەک رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بۆ کرد، تا ئێستاش ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو سیستمەی نە پەسەند کردووە، نە رەتی کردۆتەوە، یا سیستمێکی نوێی بۆ ئەو پڕۆسەیە دیاری نەکردووە.
راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم، باس لەو سەرژمێریانەش دەکات، کە لەسەر دەمی رژێمی بەعسدا کراون و، بە سیاسی ناو دەبات، نموونەش بۆ ئەوە دەهێنێتەوە، هەر کاتێک عێراق لەبارودۆخێکی سەقامگیر بوایە، ئەو پڕۆسەیەی ئەنجام نەدەدا، بەڵکو کاتێ عێراق لە شەڕدا بوایە، یانیش نائارام بوایە، پڕۆسەکەی ئەنجام دەدا، وەک ئەوەی لە ساڵی 1987 و 1997دا ئەنجامی دا، ئەوەش لە پێناو شاردنەوەی رێژەی راستەقینەی کورد لەو ناوچانەدا بوو، "بە داخەوە حکوومەتەکانی دوای رژێمی بەعسیش هەمان سیاسەتیان گرتۆتەبەر، بەتایبەتیش لە مادەی 140 کە پەیوەنددار نەبوو بە سەرژمێری گشتی، نووسراوی فەرمیم هەیە، کە عەبادی خۆی داوای لێبووردن دەکات لەوەی ناتوانێ جێبەجێی بکات و لەبەر ئەوەی سەرژمێری نەکراوە".
تاڵەبانی جەختیش لەوە دەکاتەوە، هەوڵی حکوومەتی ئێستای عێراقیش بۆ ئەوەیە، کاتێ ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدرێت، کە لەبەرژەوەندی خۆیاندا بێت، دووپاتیشی دەکاتەوە، کە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێداگیرن لەسەر ئەوەی دەبێ بارودۆخی ئەو ناوچە کوردستانیانە ئاسایی بکرێنەوە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر، دووەمیش بۆ پێش 1968 و هاتنی رژێمی بەعس ئەوەش بەگوێرەی مادەی 140، هەتا ئەوانە نەکرێن، هەر سەرژمێرییەک لەو ناوچانە بکرێ، پەسەند نییە، بەو پێیەی نادەستووری و نایاساییە.
خێڵان بەختیار




