٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. فازڵ نەبی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە ھەنگاوی باشی ناوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بریکاری پێشووی وەزیری داراییی حکوومەتی عێراق و شارەزای ئابووری گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە ھەنگاوی گرنگی ناوە و ئێستا دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و سەرچاوەی داھات ھەمەجۆر بکات، بۆیە ئێستا مووچە، خۆی دابینی دەکات و خزمەتگوزارییش پێشکەش دەکات.

بریکاری پێشووی وەزیری داراییی حکوومەتی عێراق و شارەزای ئابووری، دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی بۆ ئەوەی پشت بە خۆی ببەستێت لەڕووی ئابوورییەوە زۆر گرنگە، چونکە لە ڕاستیدا بەغدا جێی متمانە نییە تا پشتی پێ ببەستی و نازانی ئەوانەی دێنە سەر حوکم چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی باشی ناوە و دوو مانگە خۆی مووچە دابین دەکات، ئەوە جێگەی دەستخۆشییە.''

دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ''ئەمە وا دەکات زیاتر ھەرێم پارێزگاری لە خۆی بکات و چاکسازی بکات و داھاتی خۆی زیاتر بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بدات و خزمەتگوزارییش پێشکەش بکات، بۆیە ئەمە باشترین ڕێگایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرتوویەتەبەر و ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە.''

فازڵ نەبی باسی لەوەش کرد: ''چەند ھەنگاوێکی زۆر گرنگی حکوومەت ئەوەیە کە داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان زیاد بکرێت و، ھەوڵ بدات لە داھاتوودا غازی خۆیشی ھەناردەی دەرەوە بکات.''

گوتیشی: ''جگە لەوەش، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی باشی داناوە کە سەرچاوەی داھات ھەمەجۆر بکات و تەنھا نەوت نەبێت و داھاتی دیکەش وەکوو کشتوکاڵ و پیشەسازی و سەرچاوەی دیکە زیاد بکات، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر باشی ناوە.''

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار