ئەمڕۆ دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنەکان کۆدەبنەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی لەبارەی چەند پرسێک بگەنە رێککەوتن بۆ کۆبوونەوەی ٢ی تەممووز کە بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرکردە سیاسیەکان ئەنجامبدرێت.
زیرەک کەمال، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم کە لیژنەیەکی تایبەت پێکھاتووە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی لەبارەی چەند پرسێک گفتووگۆ بکەن، کە ئەو کۆبوونەوەش تەواوکراوی کۆبوونەوەکانی رابردووە".
زیرەک کەمال گوتیشی: "بەردەوامی کۆبوونەوەکان گرینگی خۆی ھەیە و دەلالەتی ئەوە دەدات کە بۆچوونیان لەیەک نزیکە، بۆ ئەوەی تا کۆبوونەوەی ٢ی تەممووز بگەنە رێککەوتن، کە بڕیارە کۆبوونەوەیەکی باڵا ئەنجامبدرێت لە نێوان لایەنەکان".
لەماوەی رابردوو چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدراون بۆ رێککەوتن لەبارەی چەند پرسێک، لەوانە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەی کۆمیسیۆن و چەند پرسێکی دیکە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی ھەرێم بەو کارە ھەڵساوە و لیژنەیەکی تایبەتیش پێکھاتووە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان دەکات".
بڵند ئیبراھیم




