"یەکەمین لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ لە دھۆک بەڕێوە دەچێت"

دهۆک -KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ یەکەم لوتکەی نێودەوڵەتی لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ بەڕێوە بچێت، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی زانکۆی دھۆکیش دەڵێت، لوتکەی کشتوکاڵ لە دھۆک بەڕێوە دەچێت و مەبەست لێی گرینگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ.
عسمەت خابوور، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی زانکۆی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە پایزی ئەمساڵ لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ لە شاری دھۆک بەڕێوە بچێت و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسانی پسپۆڕ و بەرپرس لە کەرتی کشتوکاڵ بەشداری دەکەن، مەبەست لە بەڕێوەبردنی لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ گریگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان.''
گوتەبێژی زانکۆی دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی یەکەم لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ دەستی پێ کردووە و لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی پڕۆژەکە بەڕێوە دەچێت.''
عسمەت خابوور گوتیشی: "سەرۆکایەتیی زانکۆی دھۆک سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گشتیی وەبەرھێنانی کردووە بە مەبەستی پشتگیری لە لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ و ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانیش پشتگیریی خۆیان نیشان داوە کە ھاوکار بن بۆ سەرخستنی.''
قائید میرۆ




