بابکەیی: بەخۆماڵیکردنی کەرتی وزە بەدامەزراوەییکردنی کەرتی وزەیە لە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: ''بەخۆماڵیکردنی کەرتی وزە لە ھەرێمی کوردستان چەندین سوودی دەبێت و دەبێتە ھۆی ئەوەی ژێرخانێکی یاسایی بۆ کەرتی وزە دروست بکرێت و بەدامەزراوەییکردنی کەرتی وزەیە لە ھەرێمی کوردستان و، دەبێتە ھۆی ئەوەی چیتر عێراق و دادگای بەناو فیدڕاڵی نەتوانێت بە نادەستووری بڕیار لەدژی ھەرێمی کوردستان دەر بکات و فشار لە کۆمپانیاکان بکرێت جێبەجێی بکەن، چونکە کۆمپانیای خۆماڵی بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ کەرتی نەوتدا دەکات.''
دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ھەموو ئەو وڵاتانی نەوت بەرھەم دێنن، کەرتی نەوت کەرتێک نییە کە کەرتی گشتی، یان کەرتی تایبەت بەڕێوەی ببات و دەکرێت بە شێوەیەکی ھەماھەنگی هەبێت لە نێوانیاندا و بە شێوەی شەراکەت بێت نەک نیوە بە نیوە، بەڵکوو دەکرێت بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکان بێت لەڕووی فەنی و دۆزینەوەی نەوت و بەبازارکردنییەوە، لە ھەرێمی کوردستان تەنھا کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبات و ئێمە پێویستمان بەوەیە کۆمپانیای ناوخۆیی و خۆماڵیمان ھەبێت بۆ دۆزینەوەی نەوت و بەبازارکردنی، خۆشبەختانە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا دوو کۆمپانیای خۆماڵی دامەزرێن، ئەوە ھەنگاوێکی ستراتیژییە و زۆر لە شوێنی خۆیدا دەبێت.''
دوکتۆر ڕێبوار بابکەیی ڕوونیشی کردەوە: ''بەخۆماڵیکردنی کەرتی وزە زۆر دەستکەوتی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت و داھاتی ھەرێم زیاد دەبێت و لەجیاتی چوونی داھات بۆ کۆمپانیاکان، داهاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و ئەو ئەرکەی لەسەر شانی کۆمپانیا تایبەتەکانە، کۆمپانیا خۆماڵییەکان لەئەستۆی دەگرن و داھاتیشی بۆ ھەرێم دەبێت و دووەم، کاتێک دۆخێک دروست بێت و ھەلومەرجێکی سیاسی بێتە پێشەوە، وەکوو پرسی بەناو دادگای فیدڕاڵی و ھەندێک ھێزی لە یاسا دەرچوو کە بۆ ئەجیندای وڵاتان کار دەکەن و نایانەوێت ھەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا پێش بخرێت، کاتێک فشار دەکرێت کۆمپانیا بیانییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان بێنە ژێر باری بڕیارەکانیان، بەڵام ئەگەر کۆمپانیای خۆماڵی هەبێت، داوا دەکات بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکرێت کە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەپێی ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستوور نەبووە.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاند: ''سوودێکی دیکەی بەخۆماڵیکردنی کەرتی وزە، نیشانەی ئەوەیە دەتەوێت ژێرخانێکی یاسایی بۆ کەرتی وزە دروست بکەیت، ڕاستە لە کوردستان یاسای نەوت و غاز ھەیە و لە پەرلەمان دەرچووە، بەڵام یاساکە کارا نەبووە، ئەمڕۆ بۆ ھەموارکردنەوەی خوێندنەوەمان بۆ کرد و بەپێی یاسا پێویست بوو ئەو کۆمپانیایانە دامەزرێن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی کارانەکردنی ئەو یاسایەوە، ئەو کۆمپانیایانە دانەمەزران و ئەگەر ئەو کەرتە بەخۆماڵیی بکرێت، ئەو یاسایەش کارا دەکرێت و ژێرخانێکی یاساییش بۆ کەرتی وزە دروست دەکرێت.''
دوکتۆر بابکەیی گوتیشی: ''خاڵی گرنگتر ئەوەیە، کە کەرتی وزە بەخۆماڵی دەکرێت، مانای بە دامەزراوەییکردنی کەرتی وزەیە لە هەرێمی کوردستان، ڕاستە دامەزراوەیەکمان ھەیە بەناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڵام ئەو وەزارەتە لە بواری ئیداریدا کاری وزە بەڕێوە دەبات و لە بواری داڕشتنی سیاسەتی نەوت و غازدا ڕۆڵی خۆی بەتەنھا نابینێت و پێویستی بەو دوو کۆمپانیایە ھەیە بۆ ئەوەی پێکەوە بە شێوەیەکی دامەزراوەیی ئەو کەرتە بەڕێوە ببەن.''
بڵند ئیبراھیم




