٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''لە ڕێگەی دوو پڕۆژەوە بەرھەمی کشتوکاڵ ھەناردەی دەرەوە دەکرێن''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر –KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، دوو پڕۆژەی نوێ لە کەرتی کشتوکاڵدا جێبەجێ دەکرێن و دەڵێت، جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ، بەرھەمی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێن.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو پڕۆژەی ستراتیژیی کەرتی کشتوکاڵ جێبەجێ دەکرێن و جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ، بەرھەمی ئەو دوو پڕۆژەیە ھەناردەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش دەکرێت، یەکێک لە پڕۆژەکان لەلایەن ھۆلەنداوە پاڵپشتیی دەکرێت و سەوزە و بەرھەمەکانی دیکەی وەک تەماتە و خەیار و بیبەر بەرھەم دێنێت، پڕۆژەیەکی دیکە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی جێبەجێ دەکرێت.''

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: ''لەو پڕۆژانەدا بەرھەمھێنان بەپێی ستانداردی جیھانی دەبێت، چونکە سەرەڕای دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەناردەی چەندین وڵاتی دیکەش دەکرێت.''

حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکان، کەلوپەلیان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کردووە، یەکێک لە پڕۆژەکان دەکەوێتە سنووری پارێزگای ھەولێر و ئەوی دیکەیشیان لە سنووری سلێمانییە، ئەمەیش سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەستین و ھاوردەی دەرەوەشی بکەین.''

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار