د. سالار عوسمان: چەندین کتێب دەخرێنە سەر زمانەکانی جیھان

هەولێر-KDP.info- دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگێڕانی کتێبی کوردی بۆ سەر زمانەکانی دیکەی جیھان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لیژنەیەکی پسپۆڕی پێک ھێناوە و بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی کوردی دەخرێنە سەر زمانەکانی جیھان.
د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای گەنگەشەکی زۆر لە ئەنجومەنی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ وەرگێڕانی کتێبە کوردییەکان بۆ سەر زمانەکانی جیھان، واتە بەباڵیۆزکردنی وشە، ھەندێک پسپۆڕ ناویان ناوە وەرگێڕانی پێچەوانە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی ئێمە بەرھەمەکانی جیھان دەکەینە کوردی، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕوانگەی وایە کە کتێبی کوردی و نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا و لێکۆڵینەوەکان بخرێنە سەر زمانەکانی جیھان، مەبەست لەو پڕۆژەیە بەھێزکردنی پێگەی کولتووری کوردییە و ئەوەی کتێبی کوردی لە ھەموو کتێبخانەکانی جیھان بە زمانە جیاوازەکان ھەبێت.''
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان گوتی: ''لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا پێک ھاتووە و پرس بە کەسانی ئەکادیمیش کراوە، پڕۆسەی وەرگێڕانی کتێبی کوردی بۆ سەر زمانانی جیھانی بەردەوامە و ئەو پارە زۆرەی سەرۆکی حکوومەت تەرخانی کردووە، بەرھەمدار دەبێت.''
د. سالار عوسمان ڕوونیشی کردەوە: ''لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەشێکی زۆری کتێب و نامە و تێزی دکتۆرا، کە باس لە مێژوو و جوگرافیا و ئەدەب و زمان ڕوئیای نیشتمانیانەی کورد و ھەرێمی کوردستان دەکەن، دەخرێنە سەر زمانەکانی جیھان، تا ئێستا چەند کتێبێک لە بواری زمانی کوردیدا چاپ کراون و پڕۆژەکە بەردەوامی دەبێت.''
قائید میرۆ




