سبەینێ ١٠٧ هەزار و ١٣٠ قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن

هەولێر-KDP.info- سبەی، ٢٧/٦/٢٠٢٢، تاقیکردنەوەی کۆتاییی پۆلە کۆتاکانی پۆلی دوانزەی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و ئیسلامییە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان و هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، گشت ئامادەکارییەک بۆ تاقیکردنەوەکان کراوە و هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتەکانی پەیوەندیدار کردووە و سەد و حەوت هەزار و سەد و سی قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
تاقیکردنەوەکانی خوێندنی ساڵی، ٢٠٢١-٢٠٢٢ زاینی، سبەی ٢٧ی ٦ی ٢٠٢٢، بۆ پۆلە کۆتاکان دەست پێ دەکات، پەیوەست بەمە، فاتیح مەولەوی زادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان و هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، گشت ئامادەکارییەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ٢١٧٥ هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ ١٠٧ هەزار و ١٣٠ قوتابی دیاری کراوە کە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی دەگرێتەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو هەماهەنگی لەگەڵ هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کارەبادا کردووە، ئەمساڵ کۆڕەک تیلیکۆمیش هاوکارمان بووە تا تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا هێڵەکانی ئینترنێت ڕابگیرێت و ئەمانە گشتی ئامادەکارین بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، هەروەها نزیکەی ١٣٨ هەزار بژمێری زانستی ''حاسیبە'' ئامادە کراوە بۆ قوتابیان و ئەو وانانەی پێویستیان بە بژمێری زانستییە''.
فاتیح مەولەوی زادە دەشڵێت: ''هەر قوتابییەک گزی بکات لە هەریەکێک لە وانەکان، دوای گزییەکە هەموو وانەکانی تری بە گزی بۆ هەژمار دەکرێت و بۆی نییە تاقیکردنەوە ئەنجام بدات و، ساڵی ئایندە دەبێت تاقیکردنەوەی هەموو بابەتەکان بکاتەوە، لە ئاستی وەزارەت و لیژنەی باڵای وەزارەت و لیژنەی ئەزموونە گشتییەکان و لیژنەی فەرعییەکان لەسەر ئاستی قەزاکانیش لیژنەکان دێن و بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەزموونە گشتییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئامادە و دیاری کراون.''
مەولەوی زادە دەشڵێت: ''بابەتێکی تری زۆر گرنگ ئەوەیە کە قوتابیان وەڵامی تاقیکردنەوەکان یان دەرئەنجامی وەڵامەکانیان لەسەر پەڕی سۆما دەنووسن و پەڕی سۆما وێنەی قوتابییەکانی لەسەرە، بۆیە هەر قوتابییەک وێنەی خۆی لەسەر پەڕەی سۆمایەکەیەتی و هەر قوتابییەک وێنەی خۆی نەبینێت ئەوە ڕاستەوخۆ بیگەڕێنێتەوە بۆ سەرپەرشتیاریی هۆڵەکە، گرنگتریش ئەوەیە پەڕی سۆما و پەڕی پرسیارەکانیش ناوی سیانی و چواری سەرجەم قوتابیانی تێدایە، بۆیە دەتوانن بەراوردی بکەن لەگەڵ پەڕی سۆماکەیان، ئینجا خەریکی وەڵامدانەوە بن و پێویستە وەڵامەکان بە پێنووسی ڕەساس بێت، بە هیچ پێنوسێکی تر قبووڵکراو نییە.''
هیچ ئامێرێکی زیرەکیش ڕێگەپێدراو نییە ببرێتە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لەلایەن قوتابیانەوە و بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر و چاودێرەکانیش نابێت هیچ مۆبایلێکی سمارت و زیرەکیان پێ بێت، هەندێکی ئاسایی دیاری کراوە، بە سوپاسەوە کۆڕەک تیلیکۆم سیمکارتەکانی بۆمان دابین کردووە، بۆ حاڵەتی لەناکاو و پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری هۆڵەکاندا کۆنتاکت هەبێت بۆ هەرگرفێک کە دێتە پێشەوە، بەدەر لەوەش بۆ بابەتی فێنککەرەوە، هەموو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ کراوە، ئەم هەوڵ و کۆششانە لەسەر داوای وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید بووە و بە سوپاسیشە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر هەموو ئەو پارە و کولفانەی پێویست بووە بۆ کەرتی پەروەدە لە کاتی تاقیکردنەوەکان.''
فایزە کۆیی




