دوکتۆر محەممەد شوکری: پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەو کەسانە دیاری دەکەن کە شایستەی وەرگرتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونن

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوامە و ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠ ھەزار و تا سەرەتای مانگی داھاتووش بەردەوام دەبێت و دەستەڵات دراوەتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەو کەسانە دیاری بکەن کە شایستەی وەرگرتنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دوکتۆر محەممەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوامە و تا دوێنێ شەو ئەو کەسانەی کە فۆڕمەکەیان پڕ کردووەتەوە ژمارەیان گەیشتووەتە ٧٠ ھەزار و ٧٧٨ کەس و تا دووی تەمووزیش بەردەوام دەبێت.''
دوکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''کاتێک پڕۆسەکە تەواو بوو ھەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، پاسڤۆرد و یوزرەی خۆیان دەردێنن و ئەوان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە بۆ ئەو یەکانە کێ شایستەیە و بۆردێکی تایبەت بەوە ھەیە لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ئەوان بە چاودێریی دەستەی وەبەرھێنان ئەو کارە جێبەجێ دەکەن.''
دوکتۆر محەممەد شوکری گوتیشی: ''دوای یەکلاییکردنەوەی ناوەکان ھەنگاوی دیکە دەست پێ دەکات، ئەوانیش تەرخانکردنی زەوی و وەبەرھێنەرە و لە ماوەیەکی نزیکدا یەکلایی دەکرێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




