بڵند ئیسماعیل: پارتی و یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک پرس کۆ دەبنەوە
__2022_06_26_h17m2s17__HK.jpg)
هەولێر –KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە پارتی و یەکێتی لەسەر چەند پرسێک کۆ ببنەوە و دەشڵێت، پارتی دەیەوێت ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و کورد لە بەغدا یەکڕیز بێت، ئەوە لای پارتی لە زۆر پرسی دیکە گرینگترە.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئیرادەیەک لای پارتی ھەیە و پێم وایە لای برادەرانی یەکێتییش بۆ دروستکردنی یەکڕیزی ھەبێت، ئەو ناکۆکییەی پێشتر لەسەر ھەندێ پرس ھەبوو، ئێستا باسی لێوە ناکرێت، ئێستا لەگەڵ یەکێتی خەریکی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنین، دانوستانەکان زیاتر بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن دەکرێت، ھەتا پەرلەمانیش بابەتەکەی بۆ ڕێککەوتنی لایەنەکان بەجێ ھێشتووە تا لە دەرەوەی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتن.''
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت: ''بڕیارە جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی دیکەیان هەبێت و ئەولەویەتی کارەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ھەڵبژاردنە و دواتر لەسەر پرسەکانی دیکەش دەگەینە ڕێککەوتن، لێک تێگەیشتن ھەیە لە نێوان ھەردوولادا، چونکە ڕەوشی ھەرێمی کوردستانیش ئەوە دەخوازێت و پارتی و یەکێتی جگە لە ڕێککەوتن ھیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.''
بڵند ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''خاڵە ھاوبەشەکان لە خاڵە ناکۆکەکان زیاترن، چەند خاڵێک لای پارتی گرینگە، ئەوانیش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و یەکڕیزیی کوردە لە بەغدا و جێبەجێکردنی چاکسازی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بە کۆبوونەوە دەکرێت بەئاسانی کێشەکان چارەسەر بکرێن، خاڵی ھاوبەش زۆرن و دەکرێت سەرەتا لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان کار بکەین و بگەینە ڕێککەوتن.''
قائید میرۆ




