زێباری بۆ KDP: حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نابێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، داعش لە ناوچە کوردستانییەکان چالاکییەکانیان زۆر فراوان کردووە و لە ھەر شوێنێک بۆیان بڕەخسێت گورزی خۆیان دەوەشێنن، بەڵام ئەوەی گرنگە پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی باش قایم کردووە. دەشڵێ، حکوومەتی عێراق چەندین ساڵە رێککەوتن لەگەڵ ھەرێم دەکات، بەڵام جێبەجێیان ناکات.
بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، جموجۆڵی داعش بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچە کوردستانییەکان ھەیە و لە ھەر شوێنێک دەرفەتیان هەبێت گورزی خۆیان دەوەشێنن، ئەگەرنا نەوەستاون و زۆریش چالاکن لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە سەنگەرەکانی پێشمەرگە باش قایم کراون و داعش ناتوانێ زەفەریان پێ ببات.
زێباری گوتیشی، حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نابێت و چەندین رێککەوتن لە ساڵی ٢٠١٦وە کراون و چەندین کۆبوونەوەش ئەنجام دراون، بەڵام بەغدا پابەند نابێت و ھەر جارەو بیانوویەک دەدۆزنەوە، چونکە دوو لیوای ھاوبەش ئامادە کراون و ھەر بەڵێن دەدەن جێگیر بکرێن، بەڵام بەڵێنەکە نابەنە سەر.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "داعش بەو جۆرە دەرفەتی پێ بدرێت بەھێز دەبێت و ئەوەی گرنگیشە ئێمە ئاگاداری خۆمان بین و سەنگەرەکانی خۆمان باشتر قایم بکەین و خۆمان بپارێزین، بەڵام ئەوەی کێشەیە خەڵک لە ناوچە کوردستانییەکانیش تووشی کێشە دەبن".
داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و شەوی ڕابردووش لە داقووق دوو برایان رفاندووە و ھێزە عێراقییەکانیش ناتوانن خەڵک بپارێزن.
بڵند ئیبراھیم




