بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرم: ھیچ ھێزێکی عێراقی نەھاتووە بۆ داگیرکردنی کۆرمۆر

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم ڕەتی کردەوە ھیچ ھێزێکی عێراقی ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەی کۆرمۆری ناحیەی قادر کەرمی دابێت و دەشڵێت، ئەوە ئێمەین بەدوای ھێرشبەرانی سەر کێڵگەکەدا دەگەڕێین و کێوماڵی ناوچەکە دەکەین.
سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ و پێرێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ھێزەکانی ئەمنی و پۆلیسی نەوت و غاز دەستیان بە کێوماڵکردنی سنوورەکە کردووە، بەتایبەتی بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سەنگەری ھێزە عێراقییەکاندا، چونکە ھەندێ سەرەداومان دەست کەوتوون لە ھێرشەکەی دوێنێدا کە لە دووری ١٠ کیلۆمەترەوە مووشەک ئاراستەی کۆرمۆ کراوە و لەو سنوورەی مووشەکی لێوە ئاراستە کراوە، شوێنی ئۆتۆمبێڵ دیارە.''
بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم گوتیشی: ''کاتێک ھێزەکانی ھەرێم بەدوای ھێرشبەراندا گەڕاون لەو ناوچەیەی بۆشاییی ئەمنی ھەیە، ئەمڕۆ ھێزێکی عێراقی لە سنووری ناحیەی نەوجول و زنانە جووڵەیان کردووە ھەر بۆ پرسیارکردن لەبارەی کێوماڵی ھێزەکانی ئێمەوە، بەڵام پێشمەرگە ڕێگەی نەداوە بێنە ناو سنووری ئێمەوە و ھیچ ھێرشێک نەبووە.''
لەبارەی ڕەوشی ناحیەکەوە سدیق محەمەد ئاشکرای کرد: ''موشەکەکان هەردووکیان ھیچ زیانیان نەبووە و کۆمپانیای دانەغاز لە کارکردن بەردەوامە و ھێزەکانی ئەمنی و نەوت و غاز ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لەسەرە، ڕەوش ئارامە لە قادر کەرەم و کارکردن لە کێڵگەی کۆرۆمۆر ئاساییە، بەڵام نایشارینەوە ئێمە بەدوای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی ھێرشکردنەی سەر کۆرمۆرین.''
قائید میرۆ




