٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی پارتی: چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕەزامەندە لەسەر مەرجەکانی پارتی

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، بەشداریی پارتی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لە نێوان پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بووە و دەشڵێت، چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەسەر مەرجەکانی پارتی ڕەزامەندن.

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن، لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆ بوونەتەوە و لێک تێگەیشتن ھەیە لە نێوان پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگیدا، بەر لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتنی مەبدەئییش ھەبووە لەبارەی بەشداریی فڕاکسیۆنی پارتییەوە لە کۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا و لە بەرانبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕەزامەندن لەسەر مەرجەکانی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە مەرجەکانی پارتی کردووەتەوە کە تەوافوق و شەراکەت و تەوازونە، ئەوانیش بەو مەرجانەی پارتی ڕازین.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''لە بەیاننامەی فڕاکسیۆنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا بەڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە ئەولەویەتی کارەکانیان چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و، دەرکردنی یاسای نەوت و غازە، ئەوەیش سەرەکیترین داواکاریی ئێمەیە لەگەڵ کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم.''

سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''دوای کۆتاییھاتنی پشووی پەرلەمان، لە ٩ی مانگی داھاتوودا پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بەڕێوە دەچێت، پێشتریش پارتی ھەوڵی زۆری ھەبووە تا ھەموو لایەنە عێراقییەکان لە حکوومەتدا بەشدار بن، ھەتا سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوماڵی شیعە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و محەمەد حەلبووسی ناردە حەنانە بۆ لای سەدر، تا چوارچێوەی ھەماھەنگییش لە حکوومەتدا بەشدار بێت و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار