٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەم زووانە ریفۆرم ده‌که‌ین و لەسەر حیسابی موجامەلەکردن نابێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ ئەوەی ریفۆرم لە ھەموو ئەو یاسایانەدا بکرێت، کە پەیوەندییان بە میدیاوە ھەیە، ئەمەش بە ھاوکاریی پەرلەمان و فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە و لە ماوەیەکی نزیکدا کاری لەسەر دەکرێت، کە بە جۆرێک رێک دەخرێت لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت.

حاکم ئازاد حەمەدەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەم ماوەیەدا ھەموو لایەنەکان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیشمان بینی و لەگەڵ فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی پێکەوە پڕۆژەیەکمان بۆ ریفۆرمکردنی ھەموو ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییان بە میدیاوە ھەیە، داڕشتووە و پڕۆژەکەشمان داوەتە پەرلەمان و ئەوانیش لیژنەکانیان راسپاردووە، کە بەم زووانە پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر رێگای خۆی بە ھاوکاریی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی بۆ ریفۆرمکردنی ھەموو ئەو یاسایانەی کە ھەن، بۆیە بەرنامە وایە بۆ رێکخستنی میدیا بە تایبەت لە بواری سۆشیال میدیا، ھەمووان باوەڕیان وایە کە بێسەروبەری ھەیە و پێویستی بە رێکخستنەوە ھەیە، کە نابێت رێکخستنەکە لەسەر حیسابی موجامەلەکردن بێت، بە تایبەت ئەوانەی لەو رێکخستنە زیان دەکەن".

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان گوتیشی: "ئێمە ریفۆرمی یاسای رۆژنامەگەریمان ئامادە کردووە و ھەرچی بۆشایی لە پرسی میدیادا ھەیە پڕدەکرێتەوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەستبەکار دەبین بە ھاوکاریی ھەموو لایەک، کە لیژنەکانی پەرلەمان و وەزارەتی رۆشنبیری و ھەموو لایەنەکان بەشدار دەبن و بە شێوەیەکیش دەبێت لەگەڵ سەردەمی ئێستادا بگونجێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار