کوردستان پەناگەی لێقەوماوانە و لە بەرەی پێشەوەی مرۆڤایەتیدایە

هەولێر -KDP.info- پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بانگهێشتی هەریەک لە UNHCR - The UN Refugee Agencyو دەزگای خێرخوازیی سویدی SWEDOی چالاک لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامادەی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران بوون کە بۆ یەکەم جارە بەم شێوە فراوانە چالاکییەکی گەورە لەم ڕۆژەدا لە پارکی شانەدەر لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ساز دەدەن.
لە ڕێوڕەسمەکەدا جەماوەرێکی زۆر و بەتایبەتی پەنابەرانی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین ڕێکخراوی خێرخوازیی بیانی و ڕێکخراوی هاوکاری بۆ ئاوارە و پەنابەران بەشدارییان کردبوو کە بە شایی و گۆڕانیی کوردەواری و چەندین چالاکیی سەرنجڕاکێش ڕێوڕەسمێکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوو کە لەلایەن (یۆ.ئێن.ئێچ.سی.ئاڕ) و ڕێکخراوی سویدۆی سویدییەوە ئامادە کرابوو.
بەهۆی ئەو هاوکاری و پەیوەندییە بەهێز و دۆستانەیەی کە لەگەڵیاندا هەیە، بەتایبەتی بانگهێشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردبوو و هەریەک لە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.
لە ڕێوڕەسمەکە دا هەریەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر جووتیار عادل و پارێزگاری هەولێر، ئۆمێد خۆشناو و بەرپرسی چەندین دامەزراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دەزگای تایبەت بە کۆچ و کۆچبەران و میدیای ناوخۆیی و بیانی و ژمارەیەک لە کۆنسوڵگەری و ئۆفیسی باڵیۆزخانەی وڵاتان لە هەولێری پایتەخت ئامادە بوون.
جۆن نیکۆلا بۆز، نوێنەری (یۆ.ئێن.ئێچ.سی.ئاڕ) لە عێراق و پارێزگاری هەولێر لە وتارەکانیاندا لەم یادەدا ڕایانگەیاند کە کوردستان شوێنێکی تایبەتە لە جیهاندا بۆ باوەشکردنەوە و لەخۆگرتنی سەدان هەزار ئاوارەی جەنگ و بەتایبەتی لە سەردەمی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا و حکوومەتی هەرێم و خەڵکی هەریمی کوردستان پشتیوان و هاوکاری پەنابەران و لێقەوماوان بوون لە هەموو ئایین و نەتەوەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوەکانی تری هەرێم بە هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی خێرخوازیی جیهانی هاوکاریی خێرایان گەیاندووەتە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و دوای داعش خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان، یان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە و هێشتا چەند سەد هەزار ئاوارە لە کەمپەکاندا ماوون کە بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەکان و نەبوونی ئاساێش و سەقامگیری و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی سەرەتایی لەو ناوچانەی پێشتر لێوەی هاتوون هێشتا لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەربۆیە دەبێت هاوکارییە مرۆیییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و، هیوایان خواست هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری جیهان سنوورەکان هەڵبگیرێن و دەرگای وڵاتان بە ڕووی پەنابەران و ئاوارە و لێقەوماواندا ئاواڵە بکرێن کە بەهۆی شەڕ و مەترسی و توندوتیژی و پەلاماری تیرۆریستی و شەڕ و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و مەترسییەکان بۆ سەر پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکان و بە هۆی ڕووداوی سروشتی و دۆخی سەختی ژیان، یان کۆچی بەزۆرەملێ، وڵات و ناوچەکانیان جێی دەهێڵن و هاوکاری مرۆیی بکرێن کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا زۆر بووە و بەهۆی جەنگ لە ئۆکراینا و شەڕ و ملمڵانێ و توندوتیژی لە دەیان وڵاتی تری جیهان تا دێت ڕێژەی پەنابەران لە زیادبوونە و وەک پرسێکی جیهانی و مرۆڤایەتی پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی کۆمەکبەخش ڕێگەچارەیەکی جیهانی و خێرا بۆ چارەسەرکردنی ئاوارەبوون و کۆچکردنی ملیۆنان مرۆڤ بدۆزنەوە و هیوایان خواست ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری و بنبڕکردنی شەڕ و توندوتیژی ببێتە هۆکاری کۆتاییهاتنی کۆچی مرۆڤەکان و بۆ هێنانەدیی جیهانێکی ئارام و ئاسوودە و حۆشگوزەران بۆ هەمووان لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی.




