٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە چیای زاوا تۆنێلێک بۆ فراوانکردنی دھۆک دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری دھۆک جێبەجێ بکرێن و قایمقامی دھۆکیش دەڵێت، لە چیای زاوا تۆنێلێک بۆ فراوانکردنی سەنتەری شاری دھۆک دروست دەکرێت.

جەهوەر عەلی، قایمقامی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری سەنتەری شاری دھۆک و ئەو گوند و کۆمەڵگایانەی دەکەونە سنووری دھۆکەوە ٢٦ پڕۆژەی نوێ دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە، ئەو پڕۆژانە بە گوژمەی ١٠ ملیار و ١٣٢ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن و ئێستا لە دیوانی پارێزگای دھۆک لە قۆناغی تەندەرن و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنیان نیشان داوە.''

قایمقامی دھۆک دەڵێت: ''ئەو پڕۆژانە لە بواری جیاوازدان، بەڵام ئێمە زیاتر گرینگیمان بە ڕێگاوبانی دھۆک داوە، چونکە ھەست دەکەین لە ڕووی ڕێگاوبانەوە خەڵک پێویستی بە خزمەتگوزارییە و ڕێگاکان باش نین.''

جەھوەر عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی حکوومەت کراوە و چاوەڕێی ڕەزامەندیی حکوومەتین، ئەوەیش پڕۆژەی تۆنێلی چیای زاوایە، تۆنێلەکە سەنتەری شاری دھۆک بە ناوچەی فایدە و دۆمیز دەبەستێتەوە و لەوێ خەڵکێکی زۆر زەوی وەرگرتووە و سەنتەری شاری دھۆک کەوتووەتە نێوان دوو چیاوە و دەمانەوێت لە چیای زاوادا تۆنێلێک دروست بکەین و شاری دھۆک فراوانتر بکرێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار