٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامان بەرزنجی: کار بۆ ئەوە دەکەین نەخۆشخانەی بەرکەتووانی چەکی کیمیایی بکەینە نموونەیی

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ لە هەڵەبجە، سەردانی نەخۆشخانەکانمان کرد و لە ڕەوشی نەخۆشەکانمان پرسییەوە کە تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، بە شێوەیەکی پێشکەوتوو خزمەتگوزاری پێشکەش بە نەخۆش دەکرێت و ئێستا ڕەوشی نەخۆشەکان باشە و هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە، بەڵام ڕێژەی تووشبووان زۆرە.''

سامان بەرزنجی گوتیشی: ''ئەمڕۆ کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی نوێ کراونەوە کە ئاسانکاری بۆ نەخۆش ‌دەکات و ڕۆتین ناهێڵێت و پێویست ناکات نەخۆش بنێردرێتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، هۆڵێکی نەشتەگەری کرایەوە و، کردنەوەی بەشی منداڵە ناکامەکان هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مردن لە بەشی منداڵاندا، کردنەوە و دابینکردنی جیهازی چاو، بەتایبەت بۆ پشکنینی چاوی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و، دابینکردنی جیهازی دیاریکردنی پەکەوتنی سییەکان کە ئەمە یەکەم جارە ئەم جیهازە لە نەخۆشخانەی کیمیاباران لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کارگەی ئۆکسجین لە هەڵەبجە دامەزرا و سیستەمی دابەشکردنی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە تەواو بووە و بڕیارە لە ئایندەیکی نزیکی تردا کارگەیەکی تری ئۆکسجین بکرێتەوە".

سامان بەرزنجی دەشڵێت: "ئەو خزمەتگوزارییانە وەک ئەرکێک دەزانین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجەی جێبەجێ دەکات. تەواوکردنی تەواوی پێداویستیی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، دەمانەوێت ئەم نەخۆشخانەیە ببێتە نەخۆشخانەیەکی نموونەیی بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و ئیتر بۆ چارەسەر، بەرکەوتووان پێویستیان بەوە نەبێت بنێردرێنە دەرەوەی وڵات".

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەر نەخۆشێکی سکچوون و ڕشانەوە پێویستی بە 50 بتڵ ئاوی موغەززی دەبێت و 10٪ تووشبووانی سکچوون و‌ ڕشانەوە پشکنینی کۆلێرایان بۆ دەکەین و هەر پشکنینێک 25 هەزار دینار تێچووەکەیەتی".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار