ڕۆژان سلێڤانەیی: پڕۆژەی بیمەی تەندروستی ئامادە کراوە

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستیی ئامادە کردووە و ئەندامێکی لیژنەی تەندروستییش دەڵێت، دوای دەرکردنی پڕۆژەکە، لە کاتی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکیدا سوودێکی زۆری بۆ ھاووڵاتییان دەبێت.
ڕۆژان سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چاکسازی لە کەرتی تەندروستی بەردەوامە و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی چەندین پڕۆژە ئامادە دەکرێن، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی دەرکردنی یاساوە کار بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی بکات، یەکێک لەو پڕۆژانە بیمەی تەندروستییە.''
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی ڕوونیشی کردەوە: ''وەزارەتی تەندروستی، پڕۆژەی بیمەی تەندروستیی ئامادە کردووە و بڕیارە پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بکات و لەوێشەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.''
ڕۆژان سلێڤانەیی گوتیشی: ''بیمەی تەندروستی یەکێکە لەو پڕۆژانەی زۆرترین سوودی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە سیستەمێکی پێشکەوتووی جیھانییە و کاتێک نەخۆش پێویستی بە چارەسەر بێت، ئەگەر بیمەی ھەبێت ئەوە بە شێوەیەکی ئاسان و نرخێکی زۆر کەم دەتوانێت چارەسەر وەربگرێت، ئەوەش دەبێتە ھۆی نەمانی بارگرانی لەسەر ھاووڵاتییان لە کاتی وەرەگرتنی چارەسەریی پزیشکیدا.''
قائید میرۆ




