٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر هەرێمی کوردستانن و هەموو دوژمنەکانیش ڕووی تیریان لە هەرێمی کوردستانە، هەندیک جار دەیانەوێت هەوڵیر بکەنە ئامانج بە درۆن و موشەکبارانکردن و هەندێك جاریش بە گوشار لە ڕێگەی هێزەکانیانەوە. دوایین پەیامی سەرۆک بارزانی چەندین نهێنی و کۆدی شاراوەی تێدا بوو، باسی ئەو هێز و لایەنانەی کرد کە بە درێژاییی تەمەنیان دژایەتیی کوردستان و گەلی کوردستانیان کردووە، هیچ شتێکیان دەست نەکەوتووە و کوردستان هەر ماوە.

لێدوانێکی شۆککەر بۆ دژبەرەکانی کوردستان

سەرۆک بارزانی لە دوایین پەیامیدا نامەیەکی بۆ هەموو لایەنە دژبەرەکانی کوردستان ئاشکرا کرد کە تیرۆر ‌هەڕەشەیەکی جددییە و بەئاسانی تەواو نابیت، ئەگەر هەندێک لایەن وا هەست بکەن بە چەک و بە تەهدید دەتوانن خۆیان بسەپێنن، خەڵکی بەهێزتر و پڕچەکتر سەد ساڵە خۆیان تاقی کردووەتەوە، چییان دەست کەوتووە، جگە لە ماڵوێرانی؟ لەمەودواش، لەوە باشتر نابێت، شەڕ خراپترین شتە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیمبوونە، ئێمە تەسلیم نابین.

ئەم گوتارەی سەرۆک بارزانی دوای چەندین هەڕەشە و بڕیار دژی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان دێت، چونکە چەندین لایەن دڵیان بەوە خۆش بوو کە هەرێمی کوردستان لە لێواری نەماندایە، بۆیە سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو هەڕەشانەوە گوتی: ''هەندێک جار هەڕەشەکان دەبیستین، دەڵێن وا دەکەین و وا دەکەین، لەنێو خۆیشماندا هەندێکیان دڵیان بەوە خۆشە کە چەند ڕۆژێک تەمەنی ئەم هەرێمە ماوە، بەڵام ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و بە خوێنی ڕۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێت.''

عێراق لە قەیرانێکی قووڵدایە.. تەسلیم نابین

دوای ئەنجامدانی هەلبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، پارتی وەک هێزێکی سەرەکیی عێراق ڕوئیا و پەیامی بۆ عێراق ڕوون بوو و ئامانجی نەهێڵانی ئەو هەڵانەی پێشتووتر بوو و ویستی عێراقێک لەسەر بنەمای دەستوور بەڕێوە ببردرێت و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەگەر بەغدا جددی بێت و ئیرادەی ڕێککەوتنی هەبێت، با دەستوور حەکەم بێت، بڕیاری نایاسایی و سەندنەوەی مافی دەستووری لە خەڵکی کوردستان قابیلی قبووڵ نییە.

ئێستا هەندێک لایەن بە درۆن و مووشەکباران دەیانەوێت هەرێمی کوردستان خاوەن ئیرادە و بڕیار نەبێت و بیکێشنە نێو شەڕێک، یان بە هەڕەشەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن لەپێناو ئەوەی کوردستان دەست لە مافەکانی بەردات، بەڵام کورد هەمیشە ویستوویەتی بە دیالۆگ و دەستوور مامەڵە بکەن، زۆر کەس دڵیان بەوە خۆشە ئەم هەرێمە تەسلیمی ئیرادەی دوژمنان بێت، بەڵام دانوستاندن و گفتوگۆ تاکە ڕیگان بۆ هەموو کێشەیەک و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ''شەر خراپترین بژاردەیە و نابیت بیری لێ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتریش تەسلیمبوونە و ئێمەش تەسلیم نابین''.

شیکارە ستراتیژیەییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێستا کوردستان ناوەند و مەڵبەندێکی ستراتیژییە و چووەتە سەر نەخشەی وزە و سیاسەتی جیهانی، بۆیە هەندێک لایەن پێیان ناخۆشە و هەموو هەڕەشە و پلان و پیلانەکانیان بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی نێوخۆی ئەم هەرێمە تێک بدەن، چونکە پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەم هەرێمە، هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی ئابووری و بەتایبەت لە ڕووی وزەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

کورد لە هاوکیشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا

بە بڕوای ئەکرەم ئۆنەن، شارەزا لە سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان لە سوید، ئێستا جیهان لە شەڕی سێیەمی گەورەدایە، بەڵام ئێستا بۆ کورد گرنگە و دەبێت کورد ژیرانەتر و قووڵتر تەماشای سیاسەتی جیهانی بکات و نەبێتە تەرەفی چین و هیند و وڵاتە ئەورووپییەکان و ناتۆ، چونکە هەردوولایەن دەزانن کورد مەیلی بۆ هیچ لایەکیان نییە و دەزانن کورد سەربەخۆییخوازن و دەیانەوێت سەربەخۆ و ئازادانە بژین و ئەوانیش نایانەوێت کوردستان ببێتە لایەنگر، بەڵام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست کە هەرێمی کوردستانی تێدایە، هەمیشە ڕووسەکان ویستوویانە لەم ناوچەیەدا نفووزی بەهێز بێت و هەمیشە بەهێزیش بووە.

ئەکرەم ئۆنەن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستا شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا هەڕچەندە شەڕی دوو وڵات نییە، بەڵکوو شەڕی دوو جەمسەرەکانە، شەڕی ڕووس و وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و ناتۆیە و شەڕی دابەشکردنی جیهانە، چونکە ڕووسییەکان پێیان وایە لە سەرتاسەری جیهاندا ئەو سنوورانەی دانراون لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، هیچیان پیرۆز نین، بەڵکوو ئەم سنوورانە دەستکردن و قابیلی گۆڕانکارین و لە ڕۆژهەڵاتی نزیکیش ئەمە بۆچوونی ڕووسەکانە و دەیانەوێت ئەوانەی باسی ئازاد دەکەن، ئازاد بن، ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە ئێستا ڕووسەکان لەم ناوچەیەدا نفووزیكی بەهێزیان هەیە.''

دەبێت کورد پێگەی سیاسیی خۆیان بەهێزتر بکەن، هەم لەگەڵ ئەمەریکا و هەم ڕووسیا، چونکە ئێستا هەمووان چاویان لە جیهانە و هێشتا ئەنجامی یەکلاکەرەوەی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا دیار نییە، بەڵام ئەم شەڕە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سووریا و عێراق و لیبیا و تەواوی ناوچەکەدا هەیە، هەرچەندە ئەم وڵاتانە دژایەتیی کورد ناکەن، بەڵام بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا دەگەڕێن و دەبێت کوردیش لەسەر هەمان سیستم و سیاسەت کار بکات، لە کات و زەمەنەکاندا بەرژەوەندییەکانیان لە کوێیە، لەوێ بن''.

لەم بارەیەوە، زارا ساڵح، شارەزای سیاسەتی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە بەریتانیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەرچەندە دەبێت کورد لۆبیی گەورەی لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهاندا هەبێت و، ئێستا ئەمە گلەییەکە، کورد هەرچەندە کاری بۆ دەکات، بەڵام بەقووڵی نەچوونەتە ئەم کارەوە و دەبێت کوردانی ئەو وڵاتانە کار بکەن و هەرێمی کوردستانیش ئەم کارە بەجددی وەربگرێت، ئێستا کە ژمارەیەکی زۆر کورد لە ئەورووپا هەن و دەبێت بچنە نێو ئابووری و سیاسەتەوە و ببنە بەشێک لە جڤاکی ئەورووپی و بچنە نێو ڕێکخراوەکانی وڵاتان و لەو وڵاتانە کاری ڕیکخستنی لۆبی بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن بڕیاری سیاسی، ئێستا کورد لە بەریتانیا گەیشتوونەتە قۆناغێکی باش و دەبێت نەوەکانمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بچنە نێو دامەزراوە سیاسییەکانی جیهانەوە.''

کاروان باعەدری

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار