٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە دامەزراندنی دوو کۆمپانیای خۆماڵیی بواری نەوت نزیکەی نیوەی داھاتی نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتی، لەبەر ئەوەی دۆزینەوەی نەوت و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دەکرێت ٤٧%ی داھاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکانە، بەڵام بە دامەزراندنی ئەو دوو کۆمپانیایە، ئەو داھاتە بۆ ھەرێم دەگەڕێتەوە و حکوومەتی عێراقیش ھەر بڕیارێک بدات کاریگەریی لەسەر ھەرێمی کوردستان نابێت.

ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر رێبوار بابکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەگەر دوو کۆمپانیا لە بواری نەوت دامەزرێن، ھەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگە و بایەخی ستراتیژیی خۆی ھەیە و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە ئەو بڕیارەی دا. ھەڵبەت ئەگەر ئەو دوو کۆمپانیایە دامەزرێن یەکێکیان لە بواری گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان و ئەوەی دیکە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتەکە دەبێت. دوای دەرچوونی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی کوردستان، کۆمپانیا بیانییەکان نەوتی هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە و بەبازاڕی دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایە ٤٧%ی داهاتی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەڕوات و ئەگەر ئەوانە سەر بە ھەرێمی کوردستان بن، ئەو پارەیە بۆ خەزینەی گشتیی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داھات''.

دکتۆر رێبوار بابکەیی گوتیشی: ''ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاد بێت، حکوومەت خۆی دەیەوێت سەرچاوەکانی داھات ھەمەجۆر بکات و داھاتی نەوت سەرچاوەی سەرەکییە و ئەگەر ئەو ٤٧%ـە بگەڕێتەوە بۆ خەزینەی حکوومەت زۆر گرنگە بۆ باشکردنی دۆخی داراییی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوونی ئەو کۆمپانیا نیشتمانییانە گرنگیی ئەوەیشیان ھەیە کە ناکەونە ژێر کاریگەریی ھیچ بڕیارێکی سیاسی، وەکوو ئەوەی بەناو دادگای فیدراڵی.''

دوکتۆر ڕێبوار بابکەی ڕوونیشی کردەوە: ''کاتێک حکوومەتی عێراق بڕیارێک دەدا، کۆمپانیا بیانییەکان ترسیان ھەیە زیاتر بکەونە ژێر فشاری حکوومەتی عێراقەوە، بۆیە ئەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بایەخی ئابووری و ستراتیژیی ھەیە.''

ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''ئەو دوو کۆمپانیایە جگە لە بابەتی ستراتیژی و ئابووری، بابەتێکی پسپۆڕی و هونەرییان ھەیە، بۆیە پێویستە ئەوانەمان ھەبێت، یان گرێبەست لەگەڵ کارمەندانی بیانی بکەین، گرنگ ئەوەیە خاوەنداریەتییەکەی هی ھەرێمی کوردستان بێت، بۆیە گەر کادیر نەبێت دەتوانین کادیری بیانی بینین تا کادیری خۆمان پێ دەگات، بۆیە دوای ئەوەی بڕیاری لێ درا، زۆر ناکێشێت، دەست بە دروستکردنیان دەکرێت و جارێ وادەی جێبەجێکردنی دیار نییە.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار