وەزارەت بۆ KDP: گەرما کاریگەری نەبووە.. 800 مێگاوات کارە بازیاد دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا گەرما ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرھەمی کارەبا نەبووە و بگرە بەردەوام بەرھەم لە زیادبووندایە. دەشڵێ، تا مانگی نۆی ئەمساڵ ٨٠٠ مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت و بەردەوامیش کار بۆ زیادبوونی کارەبا دەکرێت.
پێشڕەو نووری سەعید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاتنی شەپۆلی گەرما تەنھا کاریگەری لەسە بەشێکی وێستگەکانی کارەبا ھەبووە، بەڵام بەو شێوەیە نەبووە و ئێستاش بەرھەممان نزیکەی ٣ هەزار و ١٥٠ مێگاواتە و کەم نەبووە، تەنھا ھەندێک جار بە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەریی لەسەر توانای بەرھەمھێنان دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا بەرھەم وەکو خۆیەتی و کەم نەبووە".
ناوبراو گوتیشی: "بە شێوەیەکی گشتی ئاستی بەرھەمھێنان کەم نەبووە و بگرە ئێستا کار بۆ زیادکردنی بەرھەم دەکرێت، کە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا ١٥٠ مێگاوات کارەبا لە خەبات زیاد دەبێت و وێستگەکانی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت، کە وێستگەی ٢٩ مێگاواتیمان ھەیە و بۆ زیادبوونی بەرھەم لە تاسڵوجەش ٥١ مێگاوات زیاد دەبێت و کاری لەسەر دەکەن، کە بە زووترین کات ئەویش تەواو دەبێت".
سەعید باسی لەوەش کرد، بە شێوەیەکی گشتی لە ھەولێر و سلێمانی تا کۆتایی ئەم مانگە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت و کار دەکرێت زۆر لەوەی ئێستا ھەیە زیاتر بێت، چونکە بەردەوام کار بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا دەکرێت.
دەشڵێ، لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ٥٠٠ مێگاواتی دیکە لە وێستگەی بازیان زیاد دەبێت، کە کۆمپانیای قەیوان سەرقاڵی زیادکردنی بەرھەمە و تا ئەوکات تەواو دەبێت، کە بە گازی سرووشتی بەرھەم دێت بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئەوان ئەنجام دراوە.
بڵند ئیبراھیم




