وەزارەتی تەندروستی: ژمارەیەک حاڵەتی پەتای کۆلێرا لە سلێمانی و هەولێر دەستنیشان کراوە

هەولێر-KDP.info- ماوەیەک دەبێت لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی، هاووڵاتییان تووشی نەخۆشیی سکچوونی توند بوونەتەوە، شەپۆلی گەرماش لە بەرزبوونەوەدایە، وەزیری تەندروستییش دەڵێت، بۆ بەرچاوڕوونیی هاووڵاتییان، ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی سكچوونی توند زیادی كردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنینان بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجام داوە، بەمەش ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشان كراون دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی.
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکەینەوە سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی لەم وەرزی گەرمایەدا، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سروشتی نەخۆشییەكانی سكچوون و دوابەدوای چالاككردنەوەی بەرنامەی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكانی سكچوونی توند لەلایەن دامودەزگاكانی تەندروستی لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان بەپێی بەرنامە و پلانی دارێژڕاو.”
سامان بەرزنجی زیاتر گوتی: “بۆ بەرچاوڕوونیی هاووڵاتییان، ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی سكچوونی توند زیادی كردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنینان بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجام داوە و، بەمەش ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان6 لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشان كراون دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری زیاتر و توندتری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان گرتووەتەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO و تەندروستیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە بواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینكردنی پێداویستیی پزیشكیدا.”
وەزیری تەندروستی گوتیشی: “داوا لە هاووڵاتییان دەكەین پابەندی ڕێنماییەكانی پاكوخاوێنیی كەسی و دڵنیابوونەوە لە ئاوی پاكی خواردنەوە و خۆراك بن و لە كاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون بە زووترین كات پەیوەندی بە دەزگاكانی تەندروستییەوە بكەن لەپێناو ڕێگریكردن لە ئاڵۆزییەکان و سەلامەتیی هاووڵاتییان.”
فایزە کۆیی




