٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەحمەد کانی: پارتی ئامادەی ھەموو دانوستانێکە، ئەگەر لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بێت

سەرچاوە: KDP.info

سەڵاحەددین- KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد، ئێستاش پارتی، ھاوپەیمانی سەدرە و بە کشانەوەی کوتلەی سەدر، کێشەکانی عێراق ئاڵۆزتر بوون و دەشڵێت، پارتی ئامادەیە بۆ دانوستان و ھەرشتێک لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بێت، پارتی ئامادەیە جێبەجێی بکات.

ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دەرچوونی کوتلەی سەدر، تایبەتە بە خۆیان، بەڵام ڕەوشی سیاسیی عێراق بە کشانەوەی کوتلەی سەدر ئاڵۆزتر بووە و کێشەکان قووڵتر بوون و چارەسەرەکان زەحمەتترن، تا ئێستا ھیچ ھۆکارێکی دیاریکراو لەبارەی کشانەوەی سەدرەوە لە پەرلەمانی عێراق نییە، تەنھا ئەوە نەبێت کێشەی نێوماڵی شیعە کێشەیەکی قووڵە و دەرھاویشتەی دەستوەردانی ئیقلیمییە.''

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: ''پارتی پێشتر لیژنەی دانوستانی ھەبووە و ھاوپەیمانیی لەگەڵ سەدر ھەبووە و ئێستاش ھاوپەیمانین، بەڵام ھەمیشە گوتوومانە، ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی شیعە و عێراقیدا بەریەکەوتنمان نابێت، ئێمە دەمانەوێت لێک تێگەیشتن لە نێوان ھەموو لایەنە عێراقییەکاندا ھەبێت و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بکەوێتە کارەوە.''

ئەحمەد کانی ڕوونیشی کردەوە: ''گرینگترین شت لای ئێمە، دەستووری عێراقە، دوێنێ سەرۆک بارزانییش لە گوتارەکەیدا زۆر بەڕوونی ئاماژەی پێ کرد کە ئەگەر بەغدا بیەوێت کێشەکان لەگەڵ ئێمەدا چارەسەر بکات، دەبێت پابەندی دەستوور بن، ئێمە پابەندی ئەو یاسایانە نابین کە بە ناحەق دەر دەچن، پێویستە دەست بە دانوستانەکان بکرێتەوە و بۆ ھەر شتێکیش لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و عێراقدا بێت، پارتی ئامادەیە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار