٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ڕۆشنبیری کوردستانی ئێران ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 2022/6/19 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ نووسه‌ران و ئەکادیمیست و ڕۆشنبیرانى كوردستانى ئێران كرد كه‌ بۆ به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى دوێنێى ناساندنى زنجیره‌ په‌رتووكێكى به‌ڵگه‌نامه‌ییدا ده‌رباره‌ى شۆڕشه‌كانى بارزان، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردبوو.

له‌ دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندەکە، جه‌ختى لەسەر پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ڕووى كولتوورى و ڕۆشنبیرییه‌وه‌، کردەوە. هیوای خواست پردی پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوو گەل و وڵاتی دۆست و دراوسێ، هەرچی زیاتر پتەوتر بێت.

هەروەها لە دیدارەکەدا ئه‌مڕۆى نووسین و ئه‌ده‌بیاتى كوردى و بزاوتى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئێران و چه‌ند بابه‌تێكى په‌یوه‌ست به‌م بواره‌وه،‌ تاوتوێ كران و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ مێژووى كوردستان و شۆڕشه‌كانییه‌وه‌ له‌ ئه‌رشیفخانه‌كانی وڵاتانى دراوسێ و جیهاندا و له‌مباره‌یه‌وه‌ كار و كۆششى ئه‌نستیتۆى كوردستان له‌ تاران و به‌ڕێز بارامى وه‌ڵه‌دبەگی و هاوكارانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كان و له‌چاپدانیان به‌رز نرخێنرا.

شاندى میوان ستایشی ڕوانگەی ئاشتیخوازانە و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستانیان لەسەر ئاستەکانی ناوخۆی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.

   
 

هەواڵی پەیوەندیدار