سەرەتای مانگی داھاتوو پردی گوێڕ بەفەرمی دەکرێتەوە''
_(2)__2022_06_19_h15m34s34__ER.jpg)
گوێڕ -KDP.info- دوای ئەوەی پردی گوێڕ لە سەردەمی تیرۆریستانی داعشدا زیانی زۆری بەر کەوت، بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو دوای نۆژەنکردنەوەی، پردی گوێڕ بەفەرمی وەک درێژترین پردی عێراق بکرێتەوە.
مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە کۆتاییی ئەم مانگە پردی گوێڕ دوای نۆژەنکردنەوە بکرێتەوە، کە درێژترین پردە لەسەر ئاستی عێراق و ھەزار و٥٠ مەتر درێژە و بەھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە زیانی بەر کەوتبوو، بەر لە ساڵێک لەسەر قەرزی ئەڵمانی بە گوژمەی پێنج ملیۆن یۆرۆ دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا.''
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ دەشڵێت: ''لە ماوەی ساڵێکی کارکردنیدا توانراوە نیوەی پردەکە بگۆڕدرێت و لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە پردی گوێڕ بە شێوەیەکی فەرمی بە ڕووی ھاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.''
مەسعوود نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پردی گوێڕ، پارێزگای مووسڵ بە ھەموو پارێزگاکانی عێراق دەبەستێتەوە و ڕیگایەکی ستراتیژییە بۆ ھەولێر و کەرکووک، ئەمە جگە لەوەی سوودی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەی مەخموور و گوێڕ ھەیە، چونکە ڕاستەوخۆ دەڤەرەکە بە پارێزگای مووسڵ دەبەستێتەوە.''
قائید میرۆ




