کۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان دهكهوێته پشووهوه

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە پشووی یاسادانان و جێگری سەرۆکی لیژنەی یاساییش دەڵێ، بەپێی یاسا پشووەکە بۆ دوو مانگە، بەڵام بەدەنگی پەرلەمانتاران دەتوانرێت مانگێکی کەم بکرێتەوە.
عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسا ساڵانە پەرلەمان پشووی یاسادانانی ھەیە و بەگوێرەی ئەو یاسایە کۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ پشووی یاسادانان وەردەگرێت، بەڵام دەوامی پەرلەمان ھەر بەردەوام دەبێت و تەنیا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان رادەگیرێت".
جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی گوتی: "پەرلەمان دەتوانێت ئەگەر بەپێویستی زانی مانگێک لەپشووی خۆی کەم بکاتەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتاران ھەیە و لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە".
عەباس فەتاح ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پشووی پەرلەمان دەکەوێتە کۆتایی ئەم مانگە و لەسەرەتای مانگی ئەیلوول پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە ئەگەر بێت و پشوو کەم نەکرایەوە، دواتر دوو مانگ تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەمێنێت و کۆتایی بە خولی ئێستای پەرلەمان دێت".
قائید میرۆ




