شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە هەولێر

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان کۆببێتەوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەندامانی شاندەکە بریتین لە فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ چەندین سەرکردەی باڵای دیکەی سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی فیدراڵیی عێراق؛ بڕیارە شاندەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق".
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "شاندەکە هاوئاهەنگیی ئەمنی لەنێوان هەردوولادا تاوتوێ دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە".
ڕامان وریا




