مەحما خەلیل: بەبێ پارتی و سوننەکان حکوومەتی عێراق پێک نایەت
__2022_06_18_h17m16s54__HK.jpg)
بەغدا –KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەست پێ دەکەنەوە و دەشڵێت، بەبێ پارتی و سیادە حکوومەتی نوێ پێک نایەت.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ئێستا دانوستانەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راگیراون و بڕیارە لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و گەیشتن بە رێککەوتن دەست بە دانوستان بکەنەوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە ھەموو ھەوڵێک دەدرێت، چونکە چوارچێوەی ھەماھەنگی بەبێ پارتی و سیادە ناتوانێت حکوومەت پێک بێنێت، بەپێچەوانەوە پارتی و سیادەش ناتوانن بەبێ چوارچێوەی ھەماھەنگی، حکوومەتی نوێ پێک بێنن، بڕیارە پارتی و کوتلەی سیادە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کۆ ببنەوە.''
لەبارەی پێکھێنانی لیژنەی دانوستانی پارتییەوە، مەحما خەلیل گوتی: ''پارتی پێشتر لیژنەی دانوستانی لەگەڵ لایەنەکان ھەبووە، ئەمجارەش یان ھەمان لیژنە، یان لیژنەیەکی نوێ پێک دێت بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەست بە دانوستان بکاتەوە. ''
قائید میرۆ




