٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گرفتە بازرگانییەکان و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێم و تورکیادا چارەسەر دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

تورکیا _KDP.info_ سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، باسی وردەکاریی سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەکات و دەڵێت، بڕیارە پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان تورکیا و ھەرێمدا فراوانتر بکرێت و چەند خاڵێکی دیکەی سنوورییش لە نێوان ھەردوولادا بکرێنەوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دوکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی تورکیامان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی کۆ بووینەوە و لەبارەی زیاترکردنی بابەتی بازرگانی و وەبەرھێنان و چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەردوولا و کۆمپانیاکان و وەبەرھێنان و کۆمەڵێک پرسەوە باس کرا و چارەسەری ھەندێک گرفتی ھاتوچۆی دەروازە سنوورییەکان کرا.''

دوکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''دواتر کۆبوونەوەیەکی فراوانتر لەگەڵ پێنج وەزارەتی تورکیادا کرا، بۆ زیاترکردنی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووری و کردنەوەی چەند دەروازەیەکی نوێ باس کران و بابەتی ڕاکێشانی ھێڵی شەمەندەفەر لە نێوان تورکیا و عێراق و ھەرێمی کوردستاندا کە بابەتێکی سەرەکییە و لە نزیکترین کاتدا کاری لەسەر دەکرێت و کۆتایی پێ دەھێندرێت، تا ئەو ھێڵە ڕابکێشرێت و جگە لە ئاسانکاریی ھاتوچۆی خەڵک و پێدانی ڤیزا و پرسی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و لە ھەمووی گرنگتر وەبەرھێنانی ئێمە و تورکیا لە کوردستان و تورکیا باس کرا، بۆ ئەوەی بەگشتی پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێم و تورکیادا زیاتر بکرێت.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار