ئەمڕۆ کێشەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەکرێت

ھەولێر -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی ئەوەی لۆدێکی زۆر لە پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون ھەبوو، ھەندێک گرفت ڕووی دا و ئەمڕۆ چارەسەر دەکرێت، جەختیشی کردەوە: ''دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون تەنھا یەک قۆناغ نییە و قۆناغی دیکەشی بەدواوە دێت''.
ھێمن ھەینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھۆکاری ئەوەی ھەموو خەڵک ناتوانێت فۆڕمی پڕکردنەوەی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ بکاتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لۆدێکی زۆری لەسەرە، بەڵام ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و سیستەمەکە فراوانتر دەکرێت بۆ ئەوەی ھەموو خەڵک بتوانێت فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە.''
بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و ھەموو کەسێک دەتوانێت فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە.''
ھێمن ھەینی ڕوونیشی کردەوە: ''تەنھا ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە نییە کە دروست دەکرێت، بەڵکوو بە قۆناغ دەبێت و ئەوە قۆناغی یەکەمە و قۆناغی دیکەشی بەدواوە دێت، بەڵام جارێ تەنھا ئەو قۆناغە ڕاگەیەندراوە.''
بڵند ئیبراھیم




