فازڵ نەبی: بەغدا قەرزداری ھەرێمی کوردستانە

هەولێر -KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق ئاشکرای کرد، بەپێی یاسای بودجە، بەغدا قەرزداری ھەرێمی کوردستانە و دەشڵێت، ئەگەر بەرگری بکرێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ لەبارەی ٢٠٠ ملیارەکەوە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا دەشکێتەوە.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تۆمارکردنی سکاڵا دژی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا، دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستانە، ئەگەر زووتر ھەرێمی کوردستان کاری بکردایە، ئەوە لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراقدا دەبووایە پارەی زیاتر لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.''
بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق گوتیشی: ''ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەوە بەغدا قەرزداری ھەرێمی کوردستانە، چونکە تەنیا چوار جار ٢٠٠ ملیاری ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێویست بوو بەغدا ھەر ١٢ مانگەکەی ساڵی ڕابردوو، ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.''
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا بۆ بڕینی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا، د. فازڵ نەبی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ‘’ئەگەر نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە شێوەیەکی زانستی کار بکەن، ئەوە من دڵنیام دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات، بابەتی ٢٠٠ ملیارەکە زۆر پەیوەندیی بە دادگای فیدڕاڵییەوە نییە، زیاتر پەیوەستە بە یاسای بودجەوە.''
قائید میرۆ




