٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. کاروان ھەورامی: ئاسایشی ئاو لە ھەرێمی کوردستان دابین کراوە

سەرچاوە: KDP.info

لە درێژەی وێبنارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھەموو ڕۆژانی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، د. کاروان سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بابەتێکی لەژێر ناوی (ئاسایشی ئاو، جەنگێکی پێشوەختەی ناوچەکە) پێشکەش کرد.

د. کاروان ھەروامی لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: "پێناسەی ئاسایشی ئاو لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دی دەگۆڕێت. بەگشتی لە ھەموو جیھانی مۆدێرندا ئاو وەکوو ماددەیەکی ئابوورییە و وەکوو مەعدەنێکی ئابووری پێناسە دەکرێت بەو حوکمەی کە ئاو نرخی ئابووریی خۆی ھەیە و خۆیشی بەشدارە لە بەرھەمھێنانی ئابووری و پەرەپێدانی ئابووری. ئاسایشی ئاو: کەواتە ھەرکەسێک لە کۆی گشتیی ئەو سامانە ئاوییەی لە وڵاتێک ھەیە ١٧٥٠ مەتر سێجا ئاوی بەر دەکەوێت لە ساڵیکدا، ھەرکۆمەڵگایەک ئەگەر ھات و بەرکەوتی تاکەکەس لە سامانی ئاو دابەش بە دانیشتوانی بکەین ئەگەر لە ١٧٠٠ مەتر سێجای بەر کەوت، کەواتە ئەو وڵاتە ئاسایشی ئاوی دابینە و ئەگەر لە ١٧٠٠-١٥٠٠ مەتر سێجا بوو ئەوا مانای ئەوەیە گوشاری ئاسایشی ئاو ھەیە و ئەگەر لە ١٥٠٠-١٠٠٠ بوو مانای وایە کێشە ھەیە و ئەگەر لە ١٠٠٠ کەمتر بوو، کەواتە ھەڕەشەی جددی ئاو ھەیە. دەستەواژەیەکی ترمان ھەیە پێی دەگوترێ ئاسایسی ئابووری، کەواتە ئەو سامانە ئاوییەی ئەو وڵاتە، یان ئەو کۆمەڵگایە ھەیەتی بەشی ئەو پلانە ئابوورییە بکات کە ئەو وڵاتە دەیەوێ پلانە ئابوورییەکەی ببووژێنێتەوە و دەستەواژەیەکی تر ھەیە ئەوەش ئاسایشی کۆمەڵگای ئاوییە و پێویستە ئەوەندە ئاو فەراھەم بێت کە کۆمەڵگا تووشی قەیران نەکات.''

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو ڕوونی کردەوە: "ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست زۆربەی وڵاتەکان، تورکیا و لوبنان و تا ڕاددەیەک ئێران و بەخۆشحاڵییەوە کوردستانیشی لێ دەرچێ، ئەوانی تر ھیچیان ئاسایشی ئاویان دابین نییە و نەپارێزراون، واتە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دووچاری گۆڕانکارییەکی قووڵی ئاو و ھەوا بووەتەوە و ئەم گۆڕانکارییە بەرەو گەرمبوون و وشکبوون دەڕوات، بەڵام کاریگەریی لە ھەموو جیھان وەکوو یەک نییە، یاسایەک ھەیە بۆ گۆڕێنی ئاو و ھەوا، ئەوەش ئەو ناوچانەی کە شێدار و تەڕن، شێدارتر و تەڕتر دەبنەوە و ئەو ناوچانەی کە وشک و نیمچەوشکن وشکتر دەبن، بۆیە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست وشکتر و بێبارانتر دەبێت، کێشەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە گەشەی دانیشتووانی زۆر زۆرترە لەچاو ناوچەکانی تری جیھان و پشت بە کشتوکاڵی کلاسیک دەبەستێت، ئەمەش ئاوێکی زۆری دەوێت و ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووریش، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە تورکیا و ئێران و عێراق و کوردستانە، تورکیا لە ناوچەکە دەوڵەمەندترینە لە سامانی ئاو، بەڵام ئەگەر بەرواوری بکەین لەگەل ئەورووپا و کەنەدا و ئەمەریکا، تورکیا دەوڵەمەندتر نییە. بۆ نموونە، بەرکەوتی تاک لە تورکیا بۆ ئاو نزیکەی ٢٥٠٠ مەتر سێجایە، لە کاتێکدا لە ھەندێ وڵاتی تر ١٠٠٠٠ یان١٢٠٠٠ ھەزارە.  تورکیا ئامانجی ھەیە لەو پرۆژە ئاوییانە کە ٦٠ ساڵە دەستی پێکردووە. تورکیا ئێستا ئامادە نییە ئاو بفرۆشێت، تورکیا ئاوەکەی دەگۆڕێت بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و دەینێرێتە بازاڕی ناوچەکە و دەیەوێت ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و لەڕێگای ئەوەوە کۆنترۆڵی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بکات. ئێران وڵاتێکی ھەژارە لە ئاو، چونکە جوغرافیای ئێران بریتییە لە بیابان،  ئێران ساڵانە لە میزانییەی ئاو لە ساڵێکا ٣٠ ملیار مەتر سێجا کورتھێنانی ھەیە، ئێران خۆی پێویستی بە ١٣٠ ملیار مەتر سێجا ئاو ھەیە بۆ ئەوەی بە ڕێکوپێکی ئاوی هەبێت، بەڵام ١٠٠ ملیاری ھەیە. عێراق پێش ئەم وڵاتانەی ناوچەکە دەستی بە پرۆژەی ئاو کردووە بۆ گۆڕینی دیموگرافیا دژی کورد، بۆ نموونە پرۆژەی ئاوی حەویجە لە ساڵی ١٩٣٢ دروست کراوە و پێشتر ئەو ناوچانە کەسی لێ نەبووە، دواتر عەرەبیان ھێنا لەوێ جێگیر کران، ئێستا بووەتە شارێکی عەرەب، ئەو پرۆژە ئاوییانە کە لە عێراقی دروست کراون ھیچی لە بەرژەوەندیی کورد نەبووە و ھەمووی بۆ خزمەتی باشوور و ناوەڕاست بووە. ١٧- ئێمە لە کوردستان ھەندێ پرۆژەمان ھەیە ئەگەر نەیکەین گوندەکانمان چۆڵ دەبن.''

بەرپرسەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئێمە لە کوردستان ٨٠٠ گوندمان ھەڕەشەی چۆڵبوونیان لەسەرە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیدێکی جیاوازی ھەیە بۆ ئاوی ھەرێم و ئێمە پێویستمان بە ستراتیجیی نوێی ئاو ھەیە و ئەوەش ستراتیجیی ئابووری-ژینگەیییە، ئەو ژێرخانە ئابوورییەی ئێمە ھەمانە، لاوازە، بەڵام دۆخی ئیمە قورس بووە، شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا کاریگەریی زۆری ھەبووە. بەداخەوە خەڵک ڕێز لە ئاسایشی ئاو ناگرن، ئێمە لە کوردستان پرۆژەمان دابین کردووە بۆ خەڵکی، بەڵام بە شێوەیەکی خراپ بەکاری دەھێنن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، بەگشتی ڕاستە ئێمە سەرچاوەی ئاومان ھەیە، بەڵام کێشەشمان ھەیە، بەشێکیان ژێرخانە، بە شێکیان ئیدارین و ھەندێکیان سیاسین، ئەو بڕە ئاوەی بۆ ھەولێر دابین دەکرێ بە شی ٣ ملیۆن کەس دەکات و داینشتووانی شاری ھەولێر یەک ملیۆن و نیوە، بەڵام بەشێکی ژیرخانی ئاوی ھەولێر کۆنە و بەشێکی دیکە، خەڵکەکە بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ ئاو ناکات، لە عێراق ئەگەر تا ساڵی ٢٠٤٠ ڕووباری فورات وشک بکات و دیجلە زۆر کەم بکاتەوە، ئەوسا تورکیا ھەندێ ئاو بەر دەداتەوە بۆ ئەوەی زەلکاوەکان وشک نەبن، چونکە یەکێتیی ئەورووپا نایانەوێت زەلکاوەکانی باشووری عێراق وشک بن، عێراق کێشەی ھەیە لە دابینکردنی ئاو و کیشەکە زۆر مەترسیدارە و نازانێ چۆن چارەسەری بکات. لە کوردستان ھەواڵی خۆش ھەیە بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی ھەمانە مەترسیی ئەوتۆمان لەسەر نییە، کێشەمان ھەیە، کەموکورتیمان ھەیە، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکان خراپ نییە. ئێمە لە کوردستان لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٨ نزیکەی ٢٠ ملیار مەتر سێجا ئاومان ھەبووە، بەشی ١٠ تا ١٥ ملیۆن کەسی کردووە، ئەم ڕێژەیە ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی بەکار بھێنرێت و عێراق لێمان گەڕێت بەشی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن کەس دەکات، بەڵام ئەم ئاوە تەنھا ھی ئیمە نییە، برابەشمان ھەیە، عێراق زۆر چاوی لە ئێمەیە و ئێمە ئەگەر بەنداوێکی بچووک لە کوردستان دروست بکەین، لێمان دەکەنە کێشەیەکی زۆر گەورە.

لە کۆتاییی قسەکانیدا د. کاروان ھەورامی دەڵێـت: "بەداخەوە ھەندێ خەڵکی خۆمان دژی ئاسایشی ئاوی کوردستانن و دەکری بڵێین ئەو ئاوەی ئێمە ھەمانە بەشی خۆمان دەکات، بەڵام ھەندی ئاڵنگاریمان لە پێشە، وەکوو ئێران و تورکیا کە بەردەوام ئاومان لێ دەرگرنەوە و عێراق ھەمیشە داوای بەشەئاومان لێ دەکات و ئێمە وەکوو کورد بە ئەخلاقەوە مامەڵەمان لەگەڵ عێراق کردووە لەسەر ئاو، چونکە پێمان وایە بەسیاسیکردنە و گرتنەوەی ئاو کارێکی نامرۆڤانەیە و دژی پرەنسیپی ژینگەیە و دژی مرۆڤایەتی و یاسایە.  ئەم بێئاوییە وا دەکات شەپۆلێکی کۆچ لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ڕوو لە کوردستان بکات و گۆڕینی دیموگرافی دروست دەکات، چاەرسەری ئەم گرفتانەی ئاو، من ناوم لێ ناوە (سوودی ھاوبەش) بۆ ئەوە ئەم ناوچەیە پێویستی بە یەکتری قبووڵکردنە و پێش ھەموو شتێک بۆ کوردستانە.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار