حكوومەت ڕاپۆرتی سێیەمی چاكسازی ئاراستەی پەرلەمان كرد

ههولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی سێیەمی لەسەر چاكسازی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد، لە راپۆرتەكەدا دۆسیەی شەهیدان و كەمئەندامان تێیدا بڕیاری پێویستی بۆ درەچووە و مووچەی هەزاران كەس بڕاوە كە مووچەی تریان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممه، دەقی راپۆرتی سێیەمی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كرایەوە، لە راپۆرتی سێیەمیدا باس لە چاكسازی لە مووچەی شەهیدان و كەمئەندامان كراوە كە ئەوانەی شایستە نەبوونە، مووچەكانیان وەستێنراوە.
باس لەوەش كراوە، ئەو مووچەخۆرانەی مووچەی كەمئەندامیان هەیە، مووچەكانیان ڕێكخراوەتەوە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 73 هەزار مووچەخۆری كەمئەندام هەیە.
لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو یاسای چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، راپۆرتی یەكەم و دووەمی چاكسازیی درایە پەرلەمانی كوردستان و حكوومەت بڕیاری داوە، هەر سێ مانگ جارێك راپۆرتێك لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی یاساكە بداتە پەرلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی.
لە یەكەمین لێدوانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا كە ئامانج لە چاكسازی، هێنانەدیی دادپەوەری و پاراستنی مافی خەڵكی شایستەیە. دووپاتیشی كردەوە كە چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە و سەرجەم كەرتەكان دەگرێتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش سوورە لەسەر درێژەدان بە چاكسازیی كارگێڕی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیرۆدانی سامانی گشتی.
دەقی راپۆرتی سێیەمی یاسای چاکسازی




