٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد سدیق خۆشناو: پارتی مەرجی ھەیە بۆ ھەر ھاوپەیمانییەک

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر –KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق پێشبینیی پێکھێنانی ھاوپەیمانیی نوێ دەکرێت لە عێراق و دەشڵێت، پارتی مەرجی ھەیە بۆ چوونە نێو ھەر ھاوپەیمانییەک و پێشتریش مەرجی خۆی ھەبووە.

د. محەمەد سدیق خۆشناو، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەرلەمانی عێراق دەستبەکار بووە و پارتی ھاوپەیمانیی لەگەڵ کوتلەی سەدر و سیادەی سوننەکان کردووە، تا حەفتەی ڕابردوو ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان زۆر بە ڕێکوپێکی کاری خۆی دەکرد، بەڵام حەفتەی ڕابردوو، سەید موقتەدا سەدر، فەرمانی بە کوتلەکەی کرد دەست لە کار بکێشنەوە، ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان دەیویست زۆرینەی نیشتمانی پێک بێنێت، واتە ئەو سێ لایەنە حکوومەت پێک بێنن، بەڵام شیعەکان دەیانویست بێنە ناو حکوومەتەوە، دوای ئەو ھەموو مۆڵەتە، سەدر دواجار کشایەوە.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: ''پێم وایە ئەم جارە لە عێراق ھاوپەیمانیی نوێ پێک دێت، بەتایبەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ئەگەر ھاوپەیمانیی نوێ دروست بێت، ئەوکات دەتوانن حکوومەت پێک بێنن، ئەگەر ھەر ھاوپەیمانییەک دروست بکرێت و بە مەرجەکانی ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی بن، ئەوە دەچینە ناو ئەو ھاوپەیمانییە، پێشتریش پارتی مەرجی ھەبووە.''

د. محەمەد سدیق خۆشناو، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''تاکە چارەسەر، گەیشتنە بە ڕێککەوتن، چونکە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن کاریگەریی نابێت و بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق چارەسەر نییە و من بە ئەگەرێکی دووری دەبینم، حکوومەتی نوێ بەبێ سەدر کارێکی زەحمەتە، چونکە ئەگەر سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی، ئەوکات دژی حکوومەت شەقام دەجووڵێنێت، لەبەر ئەوەی لەنێو پەرلەماندا نەماوە، دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی و شەقامی بەدەستەوە دەبێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار