پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان لەبارەی کێشەی گرانبوونی بەنزینەوە کۆ دەبێتەوە

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن لەبارەی چارەسەرکردن و ھۆکاری دروستبوونی قەیرانی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان و لە ماوەیەکی نزیکدا پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان لەسەر ئەو پرسە کۆ دەبێتەوە.
ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دوکتۆر ڕێبوار بابکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەکوو لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی پرسی بەنزین و نرخ و کوالیتییەوە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەین، کە چەند ھۆکارێکمان دیاری کردووە و کۆمەڵێک ڕاسپاردەشمان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بۆیە لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەماندا لە ماوەیەکی نزیک بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.''
دوکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: ''رێگەچارەکانی ئێمەش ئەوەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وێستگەی تایبەت بە خۆیان ھەبێت بۆ ئەوەی لۆدی سەریان کەم بێت و دووەم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی بکات لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی بڕی پێویستیی بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان، کە ڕۆژانە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی ٥ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزین ھەیە، چونکە ئەو بڕەی لە بەغداوە دەھات وەستاوە و پێویستە ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و وەزارەت، نەوتی خام زیاتر بداتە پاڵاوگەکان بۆ ئەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاتر بکەن و چەند ڕاسپاردەیەکی دیکەش ئامادە کراوە کە قەیرانی بەنزین چارەسەر بکرێت.''
دوکتۆر ڕێبوار بابکەیی ڕوونیشی کردەوە: ''سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگە بە بازرگانان دەدات بەنزین ھاوردە بکەن و ئاسانکارییان بۆ دەکات و باجی ھەڵگرتووە، بەڵام ئاسانکاریی زیاتر بکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە بەنزین کەمتر لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو دانیشتنەکەی تایبەت بە قەیرانی بەنزین بەڕێوە بچێت.''
بڵند ئیبراھیم




