٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولخالق تەڵعەت: دۆخی شنگال تەنھا بە دەرکردنی ھێزی نایاسایی ئارام دەبێتەوە، نەک بە پارە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێت، تەرخانکردنی پارە بۆ ئاسایشی شنگال، چارەسەری دۆخی ئەمنیی شارەکە ناکات، تاکوو ھێزی نایاسایی لە شنگالدا ھەبن، بۆیە پێویستە ھێزە نایاسایییەکان نەمێنن، ئەوکات تەرخانکردنی پارە بۆ پاڵپشتیکردنی ھێزە ئەمنییەکان ھەنگاوێکی باشە.

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو بەرنامەیەی دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی شنگال، پێویستی بە ھاوکاریی ماددی ھەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، چونکە ھێز لەو ناوچانە جێگیر کراون، بۆیە تەرخانکردنی ئەو پارەیە وا دەکات کارەکان باشتر بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەوەی گرنگە تەرخانکردنی پارە نییە، بەڵکوو پاراستنی شنگال و ئەمنیەتی شارەکە گرنگە.''

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: ''بە تەرخانکردنی پارە ناتواندرێت دۆخی ئەمنیی شنگال کۆنترۆڵ بکرێت و ئەو کاتە دەتوانرێت کە ئەو ھێزە نایاسایییانەی لەوێن، دەربکرێن و ئەمنیەتی شار بکەوێتە دەست ھێزە ئەمنییەکان و ئەوان پارێزگاریی لێ بکەن. جگە لەوەش، پۆلیس ئەمنیەتی ناوشار بپارێزێت و ئەو ھەزار کەسەی بڕیار بوو دابمەزرێن، ئەوانیش دامەزرێن، ئەمە ڕێگەچارەی تەواوە بۆ شنگال، نەک تەنھا تەرخانکردنی پارە، بۆیە پارەی زیاتریش سەرف بکرێت، ناتوانرێت کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنیی شنگال بکرێت، ئەگەر بوونی ھێزی نایاسایی لە شنگال بەردەوام بێت.''

ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق ملیارێک و٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ بەھێزکردنی ئاسایشی شنگال تەرخان کردووە.

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار