شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری رەزامەندی داوە دادگاکان ئەوکارە نهكهن

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەردەوام لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی داگیرکردنی زەویە کشتوکاڵیەکانی کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریش رەزامەندی داوە کە چیتر دادگاکان ڕێگە نەدەن ھاووڵاتی بچێتە سەر زەوی جووتیاری کورد و داگیری بکەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زار لە کەرکووک خۆم شەخسی نوسراوم بۆ دادگاکان کردووە و لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیی دا باسی ئەو بابەتەمان کردووە کەچیتر نەچنە سەر جووتیارەکان بۆ داگیرکردنی زەویەکانیان و تا ئێستا ڕێگەمان نەداوە بچنە سەر جووتیاران و رامان گرتووە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "جگە لەوەش لەسەردانێک بەنوسراوی فەرمیش داوام لەسەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کردووە دادگاکان ئاگادار بکاتەوە چیتر نەچنە سەر جووتیارانی کورد بۆ داگیرکردنی زەویەکانیان و ئەویش رەزامەندی داوە کە چیتر دادگاکان ڕێگە نەدەن ئەوکارە بکرێت".
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیشیکردەوە: "چارەسەری کۆتایی ئەو بابەتەش بەھەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە موڵکداری دەکرێت و ئێستا لە گفتووگۆداین و دوایین کۆبوونەوەش کۆتایی ھەفتەی رابردوو بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەرکووک ئەنجامدرا".
بڵند ئیبراھیم




