جەبار یاوەر: زۆر جار ئەو ھەڵەیە دەکرێت دەڵێن ھێزی پێشمەرگە جووڵەی پێکراوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رەتیکردەوە ھیچ ھێزێکی پێشمەرگە لە سنوورەکان بەرامبەر بە ھێزەکانی پەکەکە جووڵەی پێکرابێت و ئاشکرایکرد، ئەو ھێزانە لە خاڵە سنووریەکان جێگیرکراون پاسەوانی سنوورن و بۆ پاراستنی خاکی ھەرێمی کوردستانە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "زۆرجار ھەڵەیەک ھەیە باس لە جووڵەپێکردنی ھێز دەکەن بۆ سەر سنوور، ئەرکی پاراستنی سنووری ھەرێمی کوردستان ئەرکی پێشمەرگە نیە، لە ھەرێمی کوردستان فەرماندەیەک ھەیە بەناوی فەرماندەی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، ئەو فەرماندەیە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، چونکە پاراستنی سنوور ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە، لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە پۆلیسی پاسەوانی سنوور دامەزراوە و سێ لیوای لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، پاراستنی سەرتاسەری سنووری ھەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێران ئەو ھێزە دەیپارێزێت".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "لەو ماوەیە ھێزێکی ئەوان جووڵەی پێکراوە، واتە ھێزێکی پۆلیسی پاسەوانی سنوور جووڵەی پێکراوە و زۆربەیان کوردن و فەرماندەکەیان لە ھەولێرە، ئەوانە جووڵەیان پێکراوە بۆ ئەوەی له ھەندێک ناوچەی سنووری پێگەی خۆیان دابمەزرێنن، تا ڕێگە لە سوپای تورکیا بگرن و ھەروەھا ڕێگا لەوە بگرن سنووری ھەرێمی کوردستان بەکار نەھێندرێت لەلایەن ھێزەکانی پەکەکە، تا کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت، زۆر جار ئەو ھەڵەیە دەکرێت دەڵێن ھێزی پێشمەرگە جووڵەی پێکراوە، نەخێر ئەوانە راستە کوردن، بەڵام لە راستیدا ئەو ھێزە سەر بە عێراقە و لەڕووی سیادیەوە پاراستنی سنوور ئەرکی ئەو ھێزەیە".
جەبار یاوەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھەرێمی کوردستان ٣٥٠ کم سنووری لەگەڵ وڵاتی تورکیا و نزیکەی ٩٠٠ کم سنوورمان لەگەڵ ئێران ھەیە بە ھەردووکیان نزیکەی ١٤٠٠ کم سنوور لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئەو دوو وڵاتەدا ھەیە، بەڵام عێراق سێ لیوای پاسەوانی سنووری ھەیە و ناتوانێ ئەو سنوورە ھەمووی کۆنتڕۆڵ بکات، جارێک ئێمە لێکمان داوەتەوە ئەگەر بنکەیەکی پۆلیسی پاسەوانی سنوور ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەردا ئێران پەنجا بنکەی سنووری ھەیە، لەبەر ئەوەش عێراق نەیتوانیوە وەک پێویست سنوورەکان بپارێزێت".
قائید میرۆ




