وردەکاریی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان باسی وردەکاریی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ھەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پلانێکی تۆکمە دانراوە لە ھەر شوێنێک کێشەی کەمئاوی ھەبێت چارەسەر دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٧ ملیار دیناری بۆ تەرخان کردین، لە ١١/٥ـوە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کراوە و لەو پڕۆژانە، لە دەوروبەری ھەولێر ١٩ بیر لێدراوە، ١٠ بیر تەواو بووە و ٩ بیری دیکەش بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر لە ١٦/٥ـوە کاری تێدا کراوە، ١٧ بیر لێدراوە کە ١١ی تەواو بووە و ئەوانەی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت، کە بڕیارە ١٣٨ بیر لێبدرێت و ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.''
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''بیر چارەسەری کێشەی کەمئاوی ناکات، بەتایبەت لە شارە گەورەکان و قەزا و ناحیەکان، بەڵام پڕۆژەی ستراتیژیمان ھەیە، ئەویش دروستکردنی پڕۆژە بۆ ئاوی سەر زەوی و پاڵاوتنی ئاوە و، چارەسەرکردنی لێدانی بیر، چارەسەرێکی کاتییە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بۆیە ھەموو ڕێگایەک دەگرینە بەر کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر دروست نەبێت، تەنانەت تەنکەریش دابین کراوە لە ھەر شوێنێک کێشە ھەبێت لەو ڕێگەیەوە بۆیان چارەسەر دەکرێت و ڕۆژانە زیاتر لە٢٠ تەنکەر ئاو بۆ خەڵک دابین دەکەن، کە گرفتی کەمئاوییان ھەبێت.''
ئاری ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''ھەر بیرێکیش کارەبای نەبێت بە کارەبای مۆلیدەی دەبەستنەوە و ئەگەر ئەوەش نەبێت، مۆلیدەیان بۆ دابین دەکرێت.''
ئاری ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''لە سلێمانی و دھۆکیش کار دەکرێت ھەر کێشەیەک ھەبێت بۆیان چارەسەر دەکرێت، بەڵام لەو دوو پارێزگایە کێشەکە کەمترە و لە دھۆک پڕۆژەیەکی ستراتیژییان تەواو بووە و تواندراوە ئاو بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت و لە سلێمانییش لەگەڵ ئەوەی ھەندێک کەموکووڕییان ھەیە، بەڵام دەتوانن ئاو دابین بکەن و٤٠ تەنکەریش بەردەوام ئاو بۆ ئەو شوێنانە دابین دەکەن کە کێشەی کەمئاوییان ھەیە.''
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند: ''پڕۆژەی ئاوی دھۆک گەورەترین پڕۆژەی ئاوە لە ھەرێمی کوردستان و پێشتر پڕۆژەیەکی بچووکیان ھەبوو، ئەوەی ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەیە و ١١ ھەزار مەتر سێجایە و لە ساعەتێکدا دەتوانێت ئاو بۆ دھۆک و چەند قەزا و ناحیەک دابین بکات و جگە لەوە، پڕۆژەیەکی کۆنیشیان ھەیە، ئەویش دووبارە سیانە دەکرێت و بودجەی بۆ دابین دەکرێت و ئامادەکاریی بۆ کراوە ئەویش تەواو بکرێت، کە ئەو پڕۆژەیەش لە دەرەوەی دھۆکە و بە چەند قۆناغێک دێتە ناو دھۆکەوە.''
بڵند ئیبراھیم




