جووتیاران پشتیوانی لە داواكەی سەرۆكی حكوومەت دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی گوندنشینان بۆ گوندەكانیان

هەڵەبجە -KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی كوردستان، پلانی تایبەتی هەبووە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی كشتوكاڵ و هاوكاریی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەوە بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی، ئێستاش داوا دەكات گوندنشینانی شارەكان بڕۆنەوە گوندەكانیان و كاری كشتوكاڵی بكەن و حكوومەت پشتیوانیان دەبێت.
خەسرەو جاف، جووتیاری نموونە لە شارەزوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەستخۆشی لە هەر هەنگاوێكی باش دەكەین بۆ كەرتی كشتوكاڵ لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، گرنگە پشتیوانیی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی بكرێت، پێویستە لایەكی گرنگتر لە كشتوكاڵ بكرێتەوە، لە دۆخەدا بیندرا كەرتی كشتوكاڵ لە نەوت و غاز گرنگترە لە جیهاندا''.
خەسرەو جاف دەڵێ: "هاندانی هاووڵاتییان بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەكان و پلانی زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمی كشتوكاڵ، لای ئێمە جووتیاران گرنگە و دەتوانین بڵێین گرنگیدان بە كشتوكاڵی ناوخۆی كوردستان بەدوور دەبێت لەو قەیرانی خۆراكەی ئێستا جیهانی گرتووەتەوە، ئێمە خاوەنی خاك و ئاوێكی بەپیتین".
ئەسكەندەر كاینجی، جووتیاری نموونە لە پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پشتیوانیی داواكارییەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ هاندانی گەڕاندنەوەی ئەو گوندنشینانەی ئێستا لە شارەكانن بۆ گوندەكانیان و پەرەدان بە بەرهەمی كشتوكاڵی، كشتوكاڵ بڕبڕەی ئابووری نەبڕاوەی وڵاتە، داواش دەكەین حكوومەت پشتیوانێكی تەواوی جووتیاران بێت".
ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو پشتیوانییانەی حكوومەت بۆ كشتوكاڵ وای كردووە بەرهەمی كشتوكاڵی زیاد بكرێت و چەند پڕۆژەیەكی گرنگی تریش هەیە ئێستا كاریان تێدا دەكرێت، بە بەردەوامبوون لە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ دەتوانین بەرهەمی خۆمان هەناردەی وڵاتان بكەین و سەرچاوەیەكی گرنگی دارایی بێت بۆ بودجەی ساڵانەی وڵات و تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت".
دەشڵێت: "خاكی كوردستان هەر جۆرە بەرهەمێكمان بوێت دەتوانین تێیدا بەرهەم بهێنین، بەرهەمی پەتاتە و شووتی و كاڵەك و گەنم و چەندین بەروبوومی كشتوكاڵیی تر بازاڕەكانی پڕ كردووەتەوە و دەتوانین بینێرینە بازاڕەكانی دەرەوە، داوا دەكەم حكوومەت ڕاوێژگاری كشتوكاڵی بهێنێت تاكوو زانستیانەتر كشتوكاڵ بكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەكانمان باشترین بن.''
لە سەردانی بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: پێویستە هەموو هەوڵێک بخەینە گەڕ لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و پشتگیریکردنی بەروبوومی ناوخۆیی و بەرهەمی جووتیارانی کوردستان. ئاماژەیشی بەوە دا کە لە هەموو سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتانەدا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەروبوومی ناوخۆیی.
عەزیز ڕەسووڵ




